بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هادی ئۆفۆقهی شارەزا لە کاروباری ناوچەکە لە وتووێژێکدا وتی: بە بۆچوونی من سەرجەم بڕیار و بانگەشەکانی ئەمریکییەکان بۆ کشانەوەیان لە ئەفغانستان، عێراق و سوریا درۆیە، ئەڵبەت ڕەنگە جێگۆڕکێ بە هێزەکانیان بکەن، ئەمەش دەتوانێت لە ناوخۆی عێراق بێت یان هێزەکانیان ببەنە سوریا، ئەردەن یان وڵاتانی ناوچەی باشوی کەنداوی فارس، هەر بۆیە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوورە لە ڕاستی و تەنیا بە ڕواڵەت دەکرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وتی کە ئەو هێزانە لە ئەفغانستان براونەتە دوو وڵاتی ئۆزبەکستان و قڕقیزستان و لە ڕاستیدا واشنتن گۆڕەپانەکەی بۆ پێشڕەوییە خێراکانی گرووپی تاڵیبان بە جێهێشتووە، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە بە شێوازی کاتی دەرفەتی بۆ تاڵیبان ڕەخساندووە، لە عێراقیش هەر وایە، هێزەکان لە ڕاستیدا پاشەکشە ناکەن، بەڵکوو تەنیا شوێنەکانیان دەگۆڕدرێت.
ئۆفۆقهی وتی کە ئەم بڕیارەش بۆ ڕزگاربوونە لەو گوشارەی کە لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگری ڕوبەڕوی ئەمریکییەکان بووەتەوە، ئەمریکا خاوەنی گەورەترین باڵیۆزخانەی جیهانە لە بەغدا کە فڕۆکەخانەی سەربازیی تێدایە و لە ڕاستیدا وەک بنکەیەکی سەربازی هەڵسووکەوت دەکات تا ناوەندێکی دیپلۆماسی و پێم وایە کە ئەمریکییەکان ناتوانن هێزەکانیان لەم ناوەندانە بکشێننەوە.
وتیشی کە داعش لە لایەن دیمۆکراتەکانی ئەمریکاوە لە ناوچەکە پێکهات و هیچ کات واشنتن ویستی ڕاستەقینەی بۆ لەناوبردنی ئەم گرووپە تیرۆریستییە نییە. ترەمپیش بە هەمان شێوەی پلانێکی بۆ لەناوبردنی داعش نەبوو. ئەمریکییەکان کەسانێکی وەک ئەبوبەکر بەغدادی لە ناو دەبەن بەڵام کەسێکی لەو خەراپتر لە شوێنی دەستنیشان دەکەن.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: ئەمریکییەکان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی عێراق بڵێن کە لە ئەگەری کشانەوەی ئەوان داعش دیسانەوە چالاک دەبێتەوە و تیرۆریستان تەنانەت دەتوانن بگەنە بەغدا و شارەکان لە ناو دەبەن و بەمەش ئاسایشی عێراق ڕوبەڕوی مەترسی جیدی دەبێتەوە.
سەید هادی ئۆفۆقهی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری عێراقیش وتی: ئەگەر هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە نەچێت ئەوا سەرکەوتنێکە بۆ مستەفا کازمی، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو دەزانێت ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دۆڕانێکی گەورەیە بۆی و ئەمەش ویستی ئەمریکییەکانە کە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق نەکرێت و ئەم وڵاتە لە بۆشاییەکی یاساییدا بێت، وەک ئەوەی کە لە لوبنان دەبینرێت./.