بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چاوپێکەوتنی محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە تاران بەڕێوەچوو.
ڕەئیسی لەو چاوپێکەوتنەدا هەر دوو گەلی ئێران و قەتەری بە برای ئائینی و هاوبەشی ناوچەیی ناو برد و وتی کە تاران گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ قەتەر دەدات و ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی کابینەی نوێش، وڵاتانی دراوسێ دەبێت.
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران جەختیکردەوە کە تاران ئەوەی سەلماندووە کە دۆست و هاوبەشێکی متمانەپێکراوە و خێرخوازی دراوسێکانی خۆی دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە و ڕێگاچارەی جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام، هاوکاری وڵاتانی ناوچەکەیە بە پێی متمانەی سیاسی و ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی بێگانەکان.
وەزیری دەرەوەی قەتەریش لەو چاوپێکەوتنەدا سڵاو و پەیامی پیرۆزبایی میری وڵاتەکەیی گەیاندە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران و وتی: قەتەر هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات./.