بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاتێک بەشار ئەسەد لە سوریا و پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا پێکەوە لە ساڵی 2003 دەسەڵاتی ئەم دوو وڵاتەیان بە دەستەوە گرت، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە بە خێرایی لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابوری بەهێز کرا تا ئەوەی کە ڕێکەوتنی بازرگانی ئازاد لە نێوان هەر دوو لا واژۆ کرا. ئەم ڕووداوەش هەر دوو وڵاتی کردە دوو هاوبەشی گرنگ بۆ یەکتر و بەمەش پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان کەرتی حکومی و کەرتی تایبەتی سوریا و تورکیا پەرەی پێدرا.
پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و دیمەشق لە پاش قەیرانی سوریا
بە دەستپێکردنی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011، تورکیا سیاسەتی خۆیی بەرامبەر بە دیمەشق گۆڕی و هاوکارییەکانی بۆ نەیاران و گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەم وڵاتە زیاتر کرد. ئەم سیاسەتەش بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنی ئازادی بازرگانی نێوانیان لە لایەن سوریاوە، بەڵام بە هۆی پەیوەندی نێوان بازرگانان و کەرتی تایبەتی هەر دوو وڵات، داگیرکردنی چەندین ناوچەی سوریا لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیا و هەوڵەکانی ئەنکەرە بۆ پەرەپێدانی پێگەی ئابوری خۆی لەم ناوچانە نەک تەنیا بازرگانیی تورکیا بۆ سوریا کەم نەبووە بەڵکوو زیاتریش کراوە.
حکومەتی تورکیا بەردەوام هەوڵی ئەوەیداوە کە پێگەی ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خۆی لە سوریا بە تایبەت لە ناوچەکانی باکوری سوریا و بە دیاریکراوی ئیدلب زیاتر بکات. یەکەم هەنگاوی تورکیا لە پێناو بەسراوەبوونی ئەم ناوچانە، دابینکردنی سەقامگیری ئابوری لە ڕێگای برەودان بە دراوی نیشتمانی خۆی (لیر) بووە. لەو کاتەدا کە دابەزینی بەهای لیری سوریا لە بەرامبەر دۆلار بووە هۆی ناسەقامگیری ئابوری ئەم وڵاتە، تورکیا لە ڕێگای برەودان بە دراوی نیشتمانی خۆی بەدەر لە بەهێزکردنی پێگەی ئابوری، ڕێژەی هەناردەی کاڵاشی بۆ ئەم ناوچانە زیاتر کرد. تورکیا هەروەها لە پێناو ئامانجەکانی خۆی دەستی دایە کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و کارە مرۆڤدۆستانەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا.
یەکێک لە ڕێگاکانی بەسراوەکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا بە تورکیا ئەوەیە کە حکومەتی ئەنکەرە لە ڕێگای بەستنەوەی هێڵەکانی کارەبا وایکردووە پێگەی خۆی بەهێزتر بکات. کارەبا گرنگییەکی زۆری بۆ خەڵک و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەوان هەیە، هەروەها لە بواری ئابوریش یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانە کە تورکیا لە ئیدلب هەنگاوی زۆری لەم بوارەدا ناوە. لە ئێستادا کۆمپانیایەکی وزەی تورکیا بە هاوکاری گرووپە تیرۆریستییەکان سەرقاڵی پرۆژەیەکی دابینکردنی کارەبای ناوچەکانی ئیدلبە. کۆمپانیای Green Energy ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی نۆژەنکردنەوەی وێستگەی کارەبا و هێڵەکانی دابەشکردنی ناوچەکە، شارەکانی ئیدلب، حارم، سەلقیم، دانا و سەرمەدا لە ئێستادا خزمەتگوزاری کارەبایان هەیە.
تورکیا کەڵک لە سیاسەتی ئەمریکا وەردەگرێت
چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا پیشاندەری پلانێکی درێژخایەنە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خۆی. ئەم وڵاتە کەڵک لە سیاسەت و پلانێکی ئەمریکا وەردەگرێت کە واشنتن لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هەوڵ دەدات لە ڕێگای خزمەتگوزارییەکانەوە خەڵکی ئەو ناوچانە بکاتە بەسراوەی خۆی و بۆ ئامانجی تایبەت کەڵک لەوان وەربگرێت. یەک لەو بوارانەش وزەیە کە تورکیا چەندین بەرنامەی تایبەتی لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا جێبەجێ کردووە. تەنانەت ئەگەر ئەم ناوچانەش لە لایەن حکومەتی سوریاوە ئازاد بکرێن، تورکیا هێشتا خاوەن پێگە و هێزە و کارتی گوشاری بەهێزی لە دژی دیمەشق بە دەستەوەیە.
لەم هەلومەرجەدا تێپەڕبوونی کات لە زیانی حکومەتی سوریا و لە بەرژەوەندی تیرۆریستان و لایەنگرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەوانە و لە ئەنجامی ئەمەش، پێویستە سوریا و هاوپەیمانەکانی بەدەر لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە، گرنگی تایبەت بە ئازادکردنی ئەم ناوچانەش بدەن کە هێشتا لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە داگیر کراون./.