بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان واشنتن و بەغدا جەختی لە سەر زیاترکردنی هاوکارییەکان بۆ حکومەتی عێراق کردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا گرنگترین تەوەرەکانی ئەو ڕێکەوتنەی باس کردووە:
کەرتی تەندرووستی گشتی و نەخۆشی:
ئەمریکا لە ڕێگای پلانی کواکسەوە 500 هەزار ژەمە ڤاکسێنی کۆرۆنای فایزەر دەداتە عێراق.
هەروەها بڕی 800 هەزار دۆلاریش بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و کڕینی کەرەستەی پزیشکی لە لایەن ئەمریکاوە دەدرێتە عێراق.
کاروباری مرۆڤدۆستانە:
ئەمریکا بڕی 155 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆڤدۆستانە بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێری تەندرووستی، خۆراک، ئاو و خزمەتگوزاری گشتی دەداتە عێراق.
وزەی خاوێن و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا:
ئەمریکا لە بواری چەشنەکانی نوێی وزە هاوکاری عێراق دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداری عێراق لە پلانی نوێبوونەوەی کشتووکاڵ بۆ کەشوهەوا هانی ئەم وڵاتە دەدات.
هاوکاری ئابوری:
ئەمریکا بە بڕی یەک ملیار دۆلار لە کەرتی تایبەتی عێراق وەبەرهێنان دەکات تا دەرفەتی دابینکردنی هەلی کار بدرێتە عێراقییەکان.
مافی مرۆڤ و هەڵبژاردنەکان:
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و پاراستنی ناڕەزایان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی ژنان وتووێژ کراوە.
هەر دوو وڵات لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە تیمێکی سەر بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمێکی دیکەی سەر بە یەکێتی ئەورووپا چاودێری هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری عێراق بکات.
خوێندنی باڵا، زانست و ڕۆشنبیری:
ئەمریکا لە ساڵی 2017 بڕی 17 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار هاوکاری دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراقی کردووە، لە هەر دوو کەرتی حکومی و تایبەت./.