بە پێی لێدوانەکانی قاسم ئەعرەجی بەوە دەگەین کە تەنیا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە 31 ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ خاکی عێراق بە جێ دێڵن و هێزەکانی دیکەی ئەمریکا بەردەوامی بە مانەوەی خۆیان لەم وڵاتە دەدەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا بە هەر ناونیشانێک بێت، لە عێراق یان هەر وڵاتێکی دیکە، ئامانج و بەرژەوەندی خۆیان هەیە و جیاوازی نییە کە هێزی شەڕکەر بن یان بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی هەر وڵاتێک هاتبن.
فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە کۆتا خولی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بەڕێوەچووە. ناوبراو باسی خشتەیەکی کاتیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کردووە و ئەڵبەت ڕایگەیاندووە کە تیرۆریزم بەردەوام وەک هەڕەشەیەک لە سەر عێراق ماوەتەوە و ئەم وڵاتە پێویستی بە هاوکاری هەواڵگری ئەمریکا هەیە. لە بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، گرووپەکانی خۆڕاگری بە ڕاشکاوانە داوای کشانەوەی تەواوی سەربازانی ئەمریکایان لەم وڵاتە کردووە.
خۆڕاگری جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق نەک تەنیا لە شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی پاشماوەی تیرۆریستان، پێویستی بە هاوکاری هیچ وڵاتێک بە تایبەت ئەمریکا نییە، بەڵکوو بە پێی ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی لە شەڕی داعش، پێی وایە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ئەمنی عێراق بۆ بوونی هێزی بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکان دەگەڕێتەوە.
ئەوەی کە ئایا لە ڕاستیدا سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە 31 ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە عێراق دەکشێنەوە، ئەگەرچی بە شێوازی فەرمی و لە لایەن بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە ڕانەگەێندراوە بەڵام کشانەوەی ئەو هێزانە چوار بنکەی سەربازی سەرەکی عەین ئەسەد، ڤیکتۆریا، هەریر و تەوحید ناگرێتەوە و ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارانی ئەمریکی لە عێراق بەردەوام دەبێت.
حکومەتی عێراق و ئەمریکا دەڵێن کە هێزی هاوبەشی هەر دوو لا لەو چوار بنکە سەربازییەدا جێگیر کراوە و بەمەش دەیانەوێت پاساو بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بهێننەوە بەڵام ئەستەمە کە گرووپەکانی خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەمەدا ڕەزامەندی دەرببڕن.
ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، دیسانەوە پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان وەک کێشەی گەورە دەمێنێتەوە و بڕیاری لە سەر نەدراوە. ئەوەی کە ئایا هێزەکانی هاوپەیمانان نوێنەرایەتی ئەمریکییەکان دەکەن یان نە؟ یان گرووپەکانی خۆڕاگری چۆن مامەڵە لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن؟ هێشتا وەڵامی ئەم دوو پرسیارە دیار نییە بەڵام ئەوەی کە دیارە، تا ئێرە خۆڕاگری براوەی گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق بووە./.