بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید جەعفەر ڕەزەوی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دەست لە کار کێشانەوەی سەعد حەریری لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان، وتی: حەریری کەسایەتییەکی سەربەخۆ نییە و بەسراوەی چەندین وڵاتە، بنەماڵەکەی لە ڕیاز کۆمپانیای ئابوری و بازرگانییان هەیە و بە هۆی ئەوەی کە داهاتەکەیان لە سعوودیەوە دەبێت لە ڕێگای ئەو وڵاتەشەوە فەرمان وەردەگرێت.
ناوبراو وتی: بە پێی ڕێکەوتنی نێوان حەریری و میشل عون، پێکهاتەی کابینەی نوێی لوبنان بە هاوبەشی و ڕەزامەندی هەر دوو لا دەبوو، بەڵام حەریری بە ئەنقەست لیستی کابینەکەی وا پێشکەش کرد کە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە ڕەتبکرێتەوە و کابینەی نوێ پێک نەهێندرێت.
ئەم شارەزا سیاسییە وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە وڵاتانی وەک سعوودیە و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی کەوتوونەتە جوڵە و پیلانگێڕی لە لوبنان تا پێگەی حیزبوڵڵا لاواز بکەن و لە کابینەی نوێی ئەم وڵاتە شوێنی نەبێتەوە.
ڕەزەوی وتی: ئەڵبەت حیزبوڵڵا هیچ کات هەوڵی وەزارەتە سیادییەکانی نەداوە بەڵکوو باسی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی کردووە تا خزمەتی پێویست پێشکەش بە خەڵکی لوبنان بکات. لە لایەکی دیکەوە حیزبووڵا لە پەرلەمانی لوبنان زۆرینەی هەیە بەڵام ئەو وڵاتانە دەیانەوێت پێگەکەی لاواز بکەن.
وتیشی کە ئەو وڵاتانە نایانەوێت لوبنان ڕووی خۆشی بە خۆیەوە ببینێت و سەعد حەریری بەم کارەشی پێگەی سیاسی و جەماوەی خۆیی لە دەست داوە و لوبنانی لە قەیراندا هێشتووەتەوە.
سەید جەعفەر ڕەزەوی وتی: لە ئێستادا گۆڕەپانی سیاسی لوبنان بە شێوازێک نییە کە کابینەی نوێ پێک بهێنن، بەڵام سەرۆک کۆمار دەتوانێت کەسێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە ڕابسپێرێت، کێشەی لوبنان لەوەدایە کە کاتێکیان بۆ پێکهێنانی کابینە دیاری نەکردووە./.