بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق داوای دیاریکردن و جێبەجێکردنی خشتەیەکی کاتیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کرد.
لە بەیاننامەیەکی هاوپەیمانی نەسردا هاتووە کە هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوە لە گەڕی کۆتایی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، هاوپەیمانی نەسر جەخت لەوە دەکاتەوە کە شاندی دانوستانکار دەبێت هەڵوێستێکی بوێرانە و ستراتیژیی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا هەبێت.
هاوپەیمانی نەسر لە هەمان کاتدا داوایکردووە کە ڕێکەوتنێک بۆ مەشق و ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای سەربازی و هاوکاری هەواڵگری لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم واژۆ بکرێت.
هاوپەیمانییەکەی عەبادی داوایکردووە کە سەرجەم بڕگەکانی ڕێکەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا جێبەجێ بکرێت و لە ئەنجامی ئەمەش قۆناغێکی نوێی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا دەست پێبکات./.