بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارەم گەڕی وتووێژەکانی ستراتیژی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا وتی کە ئەم گەڕەی وتووێژەکان تەواوکەری وتووێژەکانی پێشوو بووە و تێڕوانینێکی ڕوون لە سەر هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەخاتەڕوو.
ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی ئەمریکای کرد بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: هێزە ئەمنییەکانی ئێمە بەردەوام پێویستیان بەو بەرنامەی ئەمریکایە کە سەبارەت بە مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکان دەیخاتەڕوو.
فۆئاد حوسێن لە کاتێکدا باس لە بەرنامەی سەربازیی ئەمریکا بۆ پاڵپشتی لە عێراق و ستایشکردنی ئەمریکییەکان دەکات کە واشنتن لە ماوەی 20 ساڵ مانەوەی لە ئەفغانستان بەردەوام پڕوپاگەندەی مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن و پاڵپشتی لە هێزەکانی ئەو وڵاتەی کردووە بەڵام لە گەڵ کشانەوەی ئەمریکییەکان، گرووپی تاڵیبان دەستی بە سەر ناوچەیەکی زۆر لە ئەفغانستاندا گرتووە و ئەو هێزانەش کە لە لایەن ئەمریکاوە ڕاهێنانیان پێکرابوو لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی تاڵیبان بکەن./.