بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێرەدا هەندێک لەو شێوازە هەڵانە باس دەکرێت کە ڕەنگە بە بێ تێگەیشتن لە ئەنجامی ڕاستەقینەیان جێبەجێ بکرێت.
دابەزاندنی کێش لە کورت ماوەدا:
هەندێک شێوازی خواردنەکان کە لە لایەن کەسێکەوە بە هەڵە پەیرەو کراوە و بووەتە هۆکاری قەڵەوی، بە هەفتە و چەند ڕۆژ ناگۆڕدرێت و کاتی دەوێت، هەر بۆیە بە کۆتایی ئەم ماوە کورتە، کەسەکە سەر لە نوێ بۆ هەمان هەڵەی باوی خۆی دەگەڕێتەوە.
گرنگیدان بە کالۆرییەکان:
کالۆری زۆر گرنگە بەڵام هەموو کات واش نییە کە بە کەمکردنەوەی ڕێژەکەی، ئەنجامی دڵخوازی ئێوە بەدی بکرێت. هۆکارەکە ئەوەیە کە کاتێک کێش دادەبەزێنن، هەم چەوری و هەم ماسولکەکان تووشی لاوازبوون دەبن و ئەمەش باش نییە، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بن ئەوا هەندێک لە ئیش و کاری جەستە تێک دەچێت.
زیادەڕۆیی لە بەکارنەهێنانی کاربۆهیدراتەکان:
سەرجەم کاربۆهیدراتەکان وەک یەک نین، ڕێجیمی خۆراکی تەندرووست بۆ دابەزاندنی کێش، ئەوەیە کە سەرجەم گرووپەکانی خۆراکیی تێدا بێت، تەنانەت چەوریش نابێت لە خواردنەکاندا بە لاوە بنرێت، دەبێت بە ڕێژەیەکی تەندرووست کەڵک لە سەرجەم گرووپە خۆراکییەکان وەربگرین.
یەک کاتژمێر وەرزشکردنی ڕۆژانە:
ئەگەر لە جێی یەک کاتژمێر وەرزشکردنی بەردەوام و ماندووکەرەوە لە ڕۆژدا، نیو کاتژمێر وەرزش بکەین و لە چالاکییە ئاساییەکانیش لە ماوەی ڕۆژدا بەردەوام بین، کاریگەری زیاتری لە سەر تەندرووستی و هەروەها لە سەر دابەزینی کێش دەبێت. تەنانەت دەتوانین ئە ویەک کاتژمێرە بە سەر چەند قۆناغێکی 6 تا 10 خولەکی دابەش بکەین و 6 جاری 10 خولەکی لە ماوەی یەک ڕۆژدا وەرزش بکەین.
سڕینەوەی تەواوی گلۆتن:
گلۆتن چەشنێک پرۆتینە کە لە گەنمدا هەیە و هەندێک پێیان وایە کە لە ڕێگای بەکارنەهێنانی گلۆتنەوە لاواز دەبن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دابەزینی کێشی ئەوان، نەک بە هۆی سڕینەوەی گلۆتن، بەڵکوو بە هۆی سڕینەوەی ئەو گرووپە خۆراکییە دەبێت کە گلۆتنی هەیە. ڕێجیمی بێ گلۆتن تەنیا کاتێک سوودی هەیە کە کەسەکە بە گلۆتن هەستیار بێت.
بەکارهێنانی خۆراکە بێ چەورییەکان:
لە سەدا 60 ی خۆراکە بێ چەورییەکان، وزەیەکی کەمتریان بەراورد بە جۆری ئاسایی ئەوان هەیە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کارگەکانی وەبەرهێنانی مادە خۆراکییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی بێ تام و چێژی خۆراکە کەم چەورییەکان، شەکری پێ زیاد دەکەن. ڕەنگە ئەو خۆراکانە تامی شیرینیان نەبێت بەڵام لە ڕاستیدا شەکریان هەیە.
نەخواردنی ژەمە خۆراکی شەوان:
ئەگەر تەواوی وزەی ڕێگاپێدراوی ڕۆژانەی خۆتان بە درووستی لە تەواوی ڕۆژدا دابەش بکەن و بە درێژایی ڕۆژیشدا چالاکی جەستییەتان هەبێت، هیچ ڕێگرییەک لەوەدا نییە کە ژەمە خۆراکی شەوان بەکار نەهێنن. یاسای دابەزاندنی کێش ئەوەیە کە ئەو وزەیە کە دەیستووتێنن، لەو وزەیە کە دەگاتە جەستەتان زیاتر بێت، هەر بۆیە جیاوازیی نییە کە خواردنەکان لە شەو یان لە ڕۆژدا بەکار بێنن./.