بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەیەکی هەواڵی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە حکومەتی ئەم وڵاتە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو 350 ملیۆن پۆندی بۆ دژایەتی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا تەرخان کردووە.
پێگەی هەواڵی Declassified UK کە لە ساڵی 2019 لە لایەن مەت کینارد نووسەر و ڕۆژنامەنووس و مارک کوتیس نووسەر و مێژوونووسی بەریتانی دامەزراوە، ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە حکومەتی بەریتانیا لە چوارچێوەی چەندین پرۆژەدا پاڵپشتیی لە گرووپە چەکدارییەکانی سوریا کردووە کە بە میانەڕۆ ناویان دەبات و سەرقاڵی شەڕی دژ بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆمارری سوریان.
تێچووی پرۆژەکان لە لایەن سندۆقی CSSF (ئاسایش و سەقامگیری و ڕێگری لە پێکدادان) دابینکراوە. سندۆقەکە هیچ ئاماژەیەک بە وردەکاری تەرخانکردنی ئەو بودجەیە نادات بەڵام پێگەی ئاماژەپێدراو ڕایگەیاندووە کە حکومەتی لەندەن لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوو تێچووی دارایی 13 پرۆژەی بۆ پاڵپشتی لە نەیارانی سوریا دابین کردووە.
پێگەی Declassified UK ڕایگەیاندووە کە هاوکارییەکانی بەریتانیا لەو ناوچانەی سوریا بووە کە شوێنی مانەوە و چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانن./.