بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ عەبدولساتر شارەزا لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان و ناوچەکە لە وتووێژێکدا سەبارەت بە قەیرانی سیاسی ئەم وڵاتە و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ، ڕایگەیاند: لە پاش کشانەوەی هێزەکانی سوریا لە لوبنان، چیدی لوبنانییەکان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون وەک سەردەمی بەشداری ئەو هێزانە حکومەت پێک بێنن، ئەمەش بۆ ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لە سەر پرسە جیاجیاکان و دژبەیەکبوونی پلان و پرۆژە سیاسییەکانی ئەوان دەگەڕێتەوە. پاش شەڕی 2006 و ڕێکەوتنی قەتەر لە ساڵی 2008 و هەروەها پاش ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ساڵی 2011 ئەم ناکۆکییانە زیاتر بووە و لە ساڵی 2016 تا 2021 گەیشتووەتە لوتکەی خۆی.
عەبدولساتر وتی: پاش دەست لە کار کێشانەوەی سەعد حەریری لە ساڵی 2019، لوبنان ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی گەورەی سیاسی و ئابوری بووەتەوە کە یەکێک لەوانەش تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت بووە و بووە هۆی دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتەکەی حەسان دەیاب.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە بە ئاماژە بە کێشەکانی لوبنان لە پاش دەست لە کار کێشانەوەی حەسان دەیاب و ڕاسپاردنی حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بۆ پیلانگێڕییەکانی سعوودیە گەڕاندەوە و وتی کە حەریری بەم هۆیەوە لە پێکهێنانی کابینەدا شکستی هێنا، حەریری ماوەی 9 مانگ لە وڵاتانی دیکە هەوڵیدا کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە ئاسایی بکاتەوە بەڵام تا کاتی دەست لە کار کێشانەوەی سەرکەوتوو نەبوو.
وتیشی: پێم وایە کە بیانووەکانی حەریری و باسکردن لە کێشە ناوخۆییەکان هێندە ڕاست نییە و بەڵگەکان باس لە کاریگەری زیاتری کێشە ناوخۆییەکانی لوبنان لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ ناکەن، بە تایبەت ئەوەی کە حیزبووڵا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لوبنان هەوڵێکی زۆری داوە.
فەیسەڵ عەبدولساتر وتی: سەعد حەریری بە هۆی پیلانگێڕی و ڤیتۆ بەردەوامەکانی سعوودیە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حیزبووڵا و ڕەوتی ئازادی نیشتمانی، نەبووە هاوڕێی پێکهێنانی کابینەی نوێ. حەریری تەنانەت لە وتاری دەست لە کار کێشانەوەی دیسانەوە هێرشی توندی کردە سەر حیزبووڵا و ئاشکرایە کە ناوبراو هەوڵی ڕەزامەندی سعوودیەی هەبووە کە هەوڵەکەشی شکستی هێنا، لە بەر ئەوەی کە هەمووان دەزانن هەوڵەکانی سیاسییە تا لوبنانییەکان بباتە ململانێی زیاتری سیاسی، لە کاتێکدا کە حیزبووڵا ڕایگەیاندووە ناچێتە ململانێکانەوە.
ئەم شرۆڤەکارە لوبنانییە ڕایگەیاند کە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان ڕوبەڕوی بەربەستێکی زۆر بووەتەوە و وتی: یەکێک لە گرنگترین کێشەکان سەعد حەریری و سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوون. سعوودیە لە پاش حەریری هەوڵی دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بە هەماهەنگی ئەمریکییەکان و فەرەنسییەکان دەدات.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی لوبنان هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک دەدەن کە بتوانێت ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکات و هۆکاری هێرشەکانی سەعد حەریری بۆ سەر حیزبووڵا و تۆمەتبارکردنی بە تێکدانی پەیوەندییەکانی لوبنان و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆڵی لە دۆسیە ناوخۆییەکان بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە.
عەبدولساتر سەبارەت بە سیناریۆکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لوبنان وتی: لە ئێستادا باس لە سێ سیناریۆ دەکرێت: یەکەم، بوونی سەرۆک وەزیرانێک کە بتوانێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان بکات. دووەم، مانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دەسەڵاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ئەگەر ڕەزامەندی لایەنەکان. سێهەم، نەبوونی حکومەت و بەردەوامی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە زۆربەی بوارەکان./.