بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێرشە کیمیاییە دڕندانەکەی ڕژێمی سەدام کە لە پاش قبووڵکردنی بڕیاری 598 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕوویدا و بێدەنگی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی بەناو لایەنگری مافی مرۆڤی بە دواوە بوو، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێ تاوانی قەزاکانی داڵاهۆ و گیلانی ڕۆژئاوای لە پارێزگای کرماشان کردە قوربانی.
ئەم تاوانە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا و وڵاتانی بەناو لایەنگری مافی مرۆڤ و بێ دەسەڵاتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی جیهان ئاشکرا دەکات و پیشان دەدات کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چۆن لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان یاری بە گیانی مرۆڤە بێ تاوانەکانەوە دەکەن.
لە ڕۆژی 31 ی پووشپەڕی ساڵی 1367 ی کۆچی هەتاوی (22 ی تەمموزی ساڵی 1988)، پاش ئەوەی کە بڕیاری 598 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سەپێندراوی عێراق، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قبووڵ کرا، گوندی زەردە لە لایەن سوپای بەعسەوە کرایە ئامانجی هێرشی کیمیایی و لەو هێرشەدا 270 کەس شەهید و 830 کەس بریندار بوون.
بە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە بۆمبەکان بەر کانیاوی ئاوی گوندەکە کەوت و خەڵکیش ئاوەکەیان بە کار هێنابوو، ژمارەی قوربانییەکانی ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە زۆر بوو.
هاوکات گوندەکانی نەسار دەیرە و نەسار دەیرەی خوارووش لە هەمان ڕۆژ کەوتنە بەر هێرشە کیمیاییەکەی سەدام و بەو هۆیەوە 4 کەس شەهید و زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون.
لە ئێستادا زۆربەی دانیشتووانی ئەم گوندانە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و ساڵانە ژمارەیەک لەوان شەهید دەبن./.