بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمامی خان لە شاری یەزد یەک لەو سەدان حەمامە کۆن و مێژووییەی ئێرانە کە خۆشبەختانە لە ڕووداوە سرووشتی و مێژووییەکان پارێزراو بووە. لە سەدەکانی ڕابردوو ئەم حەمامە ناوبانگێکی دیکەی هەبووە و بەردەوام قەرەباڵغیی تێدا هەبووە، ئەمڕۆ ئەو کارەی پێشووی نەماوە و بووەتە چایخانە و ڕێستورانتێک کە گەشتیاران حەزیان لەوەیە ئەو شوێنە مێژووییە بەسەر بکەنەوە.
لە ئێران بەشێک لە گەڵ ئەوەدا نین کە شوێنەوارە مێژووییەکان بۆ کاروباری دیکە بگۆڕدرێن و لەو بڕوایەدان کە هەر بە شێوازە کۆنەکە پارێزراو بن. لە بەرامبەردا هەندێکی دیکە دەڵێن کە بەکارهێنان بۆ ئامانجی دیکە بە پاراستنی پێکهاتەکەی دەتوانێت وەک گیانێکی نوێ لە جەستەی ئەو بینا مێژووییانەدا بێت و ئەو شوێنانەی کە بە هۆی گۆڕینی سەردەمەوە چیدی کەڵکیان نەماوە، بکرێنە شوێنێک بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران. وەک حەمامی خان لە شاری یەزدی ئێران کە لە ئێستادا بووەتە چایخانە و ڕێستورانت و بە خواردنە ئێرانییەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکات.
مێژوو
حەمامی خان ناسراو بە گەرمخانە یان گەرمابەی نور، لە شوێنە گەشتیارییەکانی یەزدە و لە ساڵی 1212 ی کۆچی مانگی لە سەر فەرمانی محەممەد تەقی خان بافقی، دەسەڵاتداری ئەو کاتەی یەزد، لە ڕوبەرێکی 1170 مەتریدا کراوەتەوە، محەممەد تەقی خان گەورەی بنەماڵەیەکی ناسراو بە ناوی خانەکانی یەزد بووە کە لە ساڵی 1161 ی کۆچی مانگی گەیشتنە دەسەڵات. ئەم بینایە کە یەکێکە لە جوانترین بینا کۆن و مێژووییەکانی شاری یەزد، بۆ سەردەمی نەسرەدین شای قاجاڕ دەگەڕێتەوە و بە هۆی ئەوەی کە زیاتر گەورە کەسایەتییەکانی ئەو کاتەی یەزد بەکاریان دەهێنا، بە حەمامی خان ناسرا.
ئەڵبەت شێوازی بیناسازی ئەم حەمامە کە تێکەڵاوێکە لە سادەیی و جوانی، بە شێوازێکە کە تەواوی خەڵک بە تایبەت چینی کەم داهات بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. حەمامی خان وەک زۆربەی حەمامە مێژووییەکانی ئێران، تەنیا شوێنی خۆشۆردن نەبووە، بەڵکوو شوێنێک بۆ ڕابواردن، وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا، پشوودان و بینینی دۆستان بووە و خەڵکێکی زۆر بەم بۆنانەوە سەردانیان کردووە.
ناونیشانی حەمامەکە
حەمامی خان کە لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای یەزدە، لە شەقامی قەیامی شاری یەزدە و لە سێ ڕێگاوە دەتوانن سەردانی بکەن. گۆڕەپانی خان، بازاڕچەی کاشیگەری و کۆڵانی نزیک حەمامەکە.
لە ڕووی بیناسازییەوە
بینای ئەم حەمامە وەک زۆربەی حەمامە مێژووییەکانی ئێران چەندین بەشی جیاجیا لە خۆ دەگرێت. بۆ نموونە، بەشێک بە ناوی سەربینە کە لە ڕووی پانتایی و جوانکارییەوە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی حەمام جیاوازیی هەبووە و چەندین سەکۆی بۆ دانیشتن، گۆڕینی جل و شوێنی پێڵاوەکان هەیە. هەر لە ڕێگای سەربینەوە ڕووناکی تەواو بە حەمامەکە دەگات، دیوارەکانی سەربینە بە جوانکاری ڕازاونەتەوە.
بەشی گەرمخانەش لێکچوونی زۆری لە گەڵ سەربینە هەیە و چوار ئەستوونی لە ناوەڕاستدا هەیە. پاش گەرمخانەش مەلەوانگە دەبینرێت کە شوێنێکی داپۆشراو و گەورەیە و شوێنی سەرەکی خۆشۆردنە. شانشین هەر دوو بەشی گەرمخانە و مەلەوانگە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. لە سەر دیواری شانشین چەندین دیمەنی چیرۆکەکانی شانامە دەبینرێت کە پەیوەندییان بە سەردەمی قاجاڕەوە هەیە و زیاتر لە کاتی نۆژەنکردنەوەی حەمامەکان بۆیان زیاد کراوە.
خەزێنەش شوێنێکی داپۆشراوی پڕ لە ئاوی گەرمە کە هەر دوو بەشی گەرمخانە و تون پێکەوە دەبەستێتەوە. تون ژێرزەوییەکە کە لە نزیک شوێنی ئاوە گەرمەکەیە و بۆ سووتاندنی دار و دابینکردنی گەرما درووست کراوە. لە کۆتاییشدا بەشی گاوەڕۆیە کە بۆ شوێنی هاتووچۆی مانگاکان و دەرهێنانی ئاو لە بیرەکان بەکار هاتووە.
دیوارەکانی حەمامی خان زیاتر لە خشت و بەردە. حەمامەکە بە شێوازێک درووست کراوە کە لە ئاستێکی نزمترە لە ئاستی زەوی و ئەمەش بۆ گەیشتنی ئاسانتر بە ئاو بووە و کەشێکی فێنکی بە حەمامەکە داوە، بە شێوازێک کە لە گەرمای هاوینی یەزد، پلەکانی گەرمای ئەم حەمامە هیچ کات ناگاتە 20 پلە.
ئێستای حەمامی خان لە شاری یەزد
حەمامی خان لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە. ئێستا بووەتە ڕێستورانتێک کە گەشتیاران و ئەوانەی سەردانی یەزد دەکەن بۆ خواردنی ژەمە خۆراکێکی ئێرانی سەردانی دەکەن. بینای حەمامەکە وایکردووە کە ئەم ڕێستورانتە چێژێکی زیاتر بە میوانەکان و گەشتیاران بدات./.