بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەرەتای شەڕی دژ بە یەمەن، ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکانی سەربازی، لۆجستی و هەواڵگری پاڵپشتیی لە هاوپەیمانی سعوودیە کردووە. ئەمریکییەکان بنکەی ئاسمانی العند یان وەک بنکەی شەڕی درۆنەکان لە دژی قاعیدە بەکار دەهێنا تا ئەوەی کە پێشڕەوییەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا لە ساڵی 2015 ئەوانی ناچار بە پاشەکشە کرد. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی 2016 ڕایگەیاند کە هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی نزیک لە موکلا پاڵپشتییان لە هاوپەیمانی سعوودیە کردووە.
بەم دواییانە ئەنساروڵڵای یەمەن ڤیدیۆیەکی تایبەت بە خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکیی لە ئاسمانی مەئرب بڵاو کردەوە. پرۆسە سەربازییە سەرکەوتووەکانی ئەنساروڵڵا لە ناوچەکانی الودیعە، البیضاء، مائرب و الجوف هاوکێشەی هێزی لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگری گۆڕاوە. ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە باس لە جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی العند دەکات. ئەم بنکەیە بەردەوام لە نێوان هێزەکانی ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشور سەر بە ئیمارات و حکومەتەکەی مەنسور هادی کە لە لایەن سعوودیەوە پاڵپشتی دەکرێت، دەستاودەست دەکرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە واشنتن لە ناردنی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بۆ باشوری یەمەن چ ئامانجێکی هەیە؟ لە درێژەدا ئاماژە بەو خاڵانە دەدرێت کە ئەمریکای کردووەتە یەکێک لەوانەی دەستێوەردانی لە کێشەی باشوری یەمەندا هەیە.
1 – کۆنتڕۆڵی تۆڕی بەندەرەکانی دەریای عۆمان و دەریای سوور، دوورگەکان و بەندەرەکانی یەمەن بە هۆی پێگەی ستراتیژییان لە سەر گەروی باب المندب، دەریای سوور و باکوری ئەفریقا، کە هەردەم جێی بایەخی ئەمریکییەکان بووە. بەندەری موکلا، عدن، شحن و دوورگەی سقطری لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕی بازرگانی دەریایی گرنگییان هەیە. وێڕای ئەوەی کە ئەمریکییەکان چاویان بڕیوەتە کۆمەڵە دوورگەکانی حنیش کە زاڵن بە سەر بەندەری الحدیدە و گەروی باب المندب.
2 – کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لە دژی ئەنساروڵڵا و بەرەی خۆڕاگری، پچڕانی ئەڵقەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە کەنداوی فارس بەرەو دەریای سوور و دەریای ڕەش بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا دادەنرێت. زاڵبوون بە سەر بەندەری ستراتیژی الحدیدە، دوورگەی سقطری، کۆمەڵە دوورگەکانی حنیش و گەروی باب المندب وەک ئەڵقەی لۆجستی پێکەوەبەستنی ئەنساروڵڵا بە بەرەی خۆڕاگری دادەخات. هاوکاری هەواڵگری نێوان ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی لە یەمەن (سقطری، میون و حنیش)، ئریترە (کە ناوچەکانی ماساوا لە باکور و عصب لە باشور لە خۆ دەگرێت) و سۆمالیا بە هۆی دوو بنکەی سەربازییەوە کەوتوونەتە ڕیزی ئەم ستراتیژەوە. هاتنی ئەمریکا بە ئامانجی کۆنتڕۆڵی ئەو کەلێنەیە کە لە نێوان سعوودیە و ئیماراتدا دەبینرێت تا ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی ئەنساروڵلا بەرەو ناوچەکانی باشور بکات.
3 – کێشە لە بەردەم ڕێڕەوی بازرگانی ڕۆژهەڵات بەرەو ڕۆژئاوا، ساڵیانە نزیکەی 700 ملیار دۆلار واتە لە سەدا 10 ی کۆی گشتی بازرگانی جیهانی لە ڕێگای ڕێڕەوە سەرەکییەکانی بازرگانی ئەورووپا لە گەڵ ئاسیا لە ڕێگای دەریای سوورەوە دەکرێت. کۆنتڕۆڵی ئەم ڕێگا لۆجستییە لە شەڕی بازرگانی لە گەڵ چین بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە. واشنتن وەک هەڕەشەیەک لە جموجوڵەکانی پەکین لە دەریای سوور و باکوری ئەفریقا دەڕوانێت. کردنەوەی یەکەم پێگەی دەریایی چین لە دەروازەی باشوری دەریای سوور لە جیبۆتی و بوونی کەناراوەکانی یەمەن لە سنوری ڕێگای ئاورێشمی دەریایی پیشاندەری ئەم گرنگی و پێگەیە دەبێت. جێی ئاماژەیە کە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەمریکا لە دوورگەی سقطری دەکەوێتە چوارچێوەی ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جموجوڵەکانی چین لە بەندەری گوادری پاکستان.
4 – کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی یەمەن، ئەمریکا بە پێی پێشڕەوییەکانی ئەنساروڵڵا لە بەرەی مەئرب و ئەگەری کەوتنی ئەم پارێزگایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەوڵی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی دەدات. جێگۆڕکێی هێزە سەربازییەکان بەرەو کەناراوەکانی یەمەن وێڕای ئاسانکاری بۆ پرۆسە سەربازییەکانی لە سنوری دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و ئەفریقا، تەواوکەری ئامانجەکانی واشنتنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی ناوچەکە. وەک سوریا، ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن تا لە ڕێگای جێگیرکردنی کەمترین ژمارەی هێزەوە بە زیاترین توانای بەرگری و بە پشتن بەستن بە پاڵپشتی لۆجستی و سەربازی، کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی مەئرب،
شبوە، المهرە و حضرمور لە باشوری یەمەن دابین بکەن./.