بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئۆپێک و وەبەرهێنانی ڕۆژانەی نەوتەکەی دەگاتە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل.
فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە نزیکەی سەد وڵات لە جیهاندا نەوت بەرهەم دێنن بەڵام لە ساڵی 2020 تەنیا 5 وڵات لە سەدا 50 ی نەوتی جیهانیان بەرهەمهێناوە.
لە ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو 5 وڵاتە گەورە وەبەرهێنەرەی نەوتی جیهان بریتین لە: ئەمریکا لە سەدا 15، ڕووسیا لە سەدا 13، سعوودیە لە سەدا 12، عێراق لە سەدا 6 و کەنەدا لە سەدا 5 ی نەوتی جیهان.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە وەبەرهێنانی نەوتی عێراق لە یەک ملیۆن و 310 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی ساڵی 2003 ،گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەمساڵ.
هەروەها وەبەرهێنانی نەوتی ئەمریکاش لە 5 ملیۆن و 650 بەرمیلی ڕۆژانەی ساڵی 2003، گەیشتووەتە 11 ملیۆن و 310 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەمساڵ.
وەبەرهێنانی نەوتی سعوودیە لە ڕۆژانە 8 ملیۆن و 770 هەزار بەرمیل گەیشتووەتە 9 ملیۆن و 620 بەرمیلی ڕۆژانە لەمساڵ.
ڕووسیا نەوتەکەیی لە 8 ملیۆن و 130 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە گەیاندووەتە 9 ملیۆن و 870 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و وەبەرهێنانی نەوتی کەنەداش لە ڕۆژانە 2 ملیۆن و 320 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە./.