بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە شارەزا و شرۆڤەکاری سیاسی ئێرانی سەبارەت بە ئامانج و ڕەهەندەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق، وتی: بە تێڕوانینیێک لە سەر بڕیار و کردەوەکانی ئیدارەی جۆبایدن لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، دەتوانین بەوە بگەین کە کارنامەی ئیدارەی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ سەردەمی باراک ئۆباما نییە. لەو سەردەمەدا بینرا کە سیاسەتی ئۆباما کەمکردنەوەی خەرجیە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەی جیهان بوو، بەڵام کەمکردنەوەی تێچووەکان بە شێوازێک پێچەوانەکردنی هەڕەشەکان لە دژی وڵاتانی مەبەست بوو. بەم حاڵەشەوە، بە پێی ئەو هەموو تێچووەی کە لە عێراق و ناوچەکە ڕوبەڕوی ئیدارەی جۆبایدن بووەتەوە، ناوبراو سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە سەر شێوازی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکە، هەندێک دەڵێن ئەمریکییەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا لە عێراق دەکشێنەوە بەڵام من لەو بڕوایەدام کە ئەوان سەرقاڵی داڕشتنی سیناریۆی نوێن لە ناوچەکە بە تایبەت لە عێراق.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لەم ماوەیەدا برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە کۆشکی سپی سەردانی عێراقی کرد و لە گەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کۆبووە و پاش کۆبوونەوەکە، نووسینگەی مستەفا کازمی ڕایگەیاند کە دانوستان لە گەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە کراوە. بەڵام ئەمریکییەکان هەوڵی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانیان دەدەن. ئەم سیناریۆیە پیشان دەدات کە ئەمریکییەکان بەردەوام عێراق بە وڵاتێکی گرنگ بۆ خۆیان دەزانن و لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدەن تێچوویەک بە سەر ئێران و هاوپەیمانەکانیدا بسەپێنن. بایدن نیازی کشانەوەی لە عێراق هەیە بەڵام تیمەکەی هەوڵ دەدات تا شۆڕشێکی پلان بۆ داڕێژراو لە عێراق بە جێ بێڵیت.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت سیناریۆی نوێی خۆیان بخوڵقێنن، بە واتای ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا هەوڵی کاڵکردنەوەی ڕۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق دەدەن و لە قۆناغی دواتر هەوڵەکانیان بۆ لاوازکردنی حەشدی شەعبی چڕ دەکەنەوە و لە گەڵ ئەم دوو بژاردەش هەوڵ دەدەن ئاڵۆزی و بشێوەی ڕێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو لە عێراق دەست پێبکات. پێویستە گرنگی بەم خاڵەش بدرێت کە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت هێزەکانیان وەک ئەفغانستان بە یەک قۆناغی بەپەلە لە عێراق بکشێننەوە، هەر بۆیە نابێت بڵێین کە ئەو هێزانە لە کورت ماوەدا لە عێراق پاشەکشە دەکەن. خاڵی دیکەش ئەوەی کە ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی ئابوری جیهان وەک وڵاتانی دیکە کاریگەری زۆری لە قەیرانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەرکەوتووە و ئێستا دەیەوێت بەشێک لەو زیانە لە ڕێگای کەمکردنەوەی خەرجییەکانی لە ناوچەکە قەرەبوو بکاتەوە.
هانیزادە لە درێژەدا وتی: واشنتن هەوڵی کەمکردنەوەی تێچووەکانی لە ناوچەکە دەکات و لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدات پرسە هەواڵگری و ئەمنییەکان بکاتە جێگرەوەی پرسە سەربازییەکان. ئەمریکا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لە دوورەوە دەدات و بە چەشنێک هەوڵ دەدات کە چەتری ئەمنی خۆی لە سەر ناوچەکە بە پێی هەمان سیناریۆی کۆنتڕۆڵ لە دوورەوە شۆڕ بکاتەوە. لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا و ئێران بە هەڕەشەیەکی جیدی لە ناوچەکە بە تایبەت لە عێراق و سوریا هەژمار دەکرێن. وەزیری دەرەوەی چین لەم ماوەیەدا سەردانی سوریای کرد و ڕێکەوتنێکی نوێ لە نێوان هەر دوو وڵات واژۆ کرا، ئەمەش پیشان دەدات کە شەڕئ دژ بە ئەمریکا لە سوریا دەبینرێت و بەم هۆکارانەوە دەتوانین بڵێین کە کشانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق ساڵانێک کاتی دەوێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: دەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی داهاتوو چۆن دەبن. بێگومان ئەمریکییەکان لە نیگەرانی ئیسرائیل سەبارەت بە پێگە و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەکە تێدەگەن و هەوڵ دەدەن ئاسایشی ئەو ڕژێمە بە هەموو شێوازێک بپارێزن تا لە پەراوێزێکی ئەمندا بمێنێتەوە. لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن زۆر گرنگە و ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ئەوان نایانەوێت کە کوردانی عێراق و سوریا وەک هاوپەیمانی خۆیان لە بەردەم هەڕەشەکاندا بهێڵنەوە، هەر بۆیە لەو بڕوایەدام کە ئەمریکا سیناریۆیەکی سیاسی و ئەمنی بەرەو پێش دەبات کە بەشێکی ئەمەش پەیوەندی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری عێراقەوە دەبێت./.