بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ میری قەتەر پیرۆزبایی هاتنی جەژنی قوربانی لە گەل و حکومەتی ئەو وڵاتە کرد و وتی کە هەلومەرجی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، هاوکاری و پەیوەندی بەردەوامی ئێوان ئێران و قەتەری دەوێت.
ڕۆحانی ڕایگەیاند کە تێڕوانینی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر سێ بنەمای میانەڕۆیی، هاوکاری داهێنەرانە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژەوە ڕاوەستاوە و سەبارەت بە قەتەریش هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئێران و قەتەر زۆر لە یەکەوە نزیکن.
ناوبراو هەوڵی جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی: کێشەی سەرەکی ناوچەکە سەربازیگەری هەندێک لە وڵاتان و ڕژێمی زایۆنیستییە کە دەبێت هەوڵ بدەین ناوچەکە لەم دۆخی سەربازیگەرییە ڕزگار بکەین.
میری قەتەریش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە گەڵ و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای وتووێژەوە دەبێت و باشترین ڕێگاش وتووێژی سیاسییە و هیوادارین سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بە پتەوکردنی هاوکارییەکان هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری بدەن./.