بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕێوڕەسمی حەج، جەختیان لە سەر پێویستی بەردەوامی پەیامەکانی حەج کردەوە و خۆڕاگری لە بەرامبەر پیلانگێڕی زلهێزەکانی جیهان بە تایبەت ئەمریکایان بە پەیامێکی گرنگی حەج ناو برد.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە کێشە و گرفتەکانی جیهانی ئیسلام، سەرهەڵدانەوەی خۆڕاگرییان بە تایبەت لە وڵاتانی فەڵەستین، یەمەن و عێراق بە ڕاستییەکانی ناوچەکە ناو برد و ڕایانگەیاند کە بەڵێنی خودایی، پیرۆزی تێکۆشەرانە و یەکەم ئاسەواری ئەم تێکۆشانەش، ڕێگرییە لە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە لە دەستێوەردان و پیلانگێڕی لە وڵاتانی ئیسلامی.
لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتووە: ئێمە شوێنکەوتووانی ئائینی پیرۆزی ئیسلام کە ئەمڕۆ خاوەنی حەشیمەتێکی زۆر، سەروەت و سامانی سرووشتی بێ هەژمار و گەلانی زیندووین، دەبێت بە کەڵک وەرگرتن لە توانا و دەفرایەتییەکان، داهاتوو مسۆگەر بکەین. گەلانی موسڵمان لە 150 ساڵی ڕابردوو، ڕۆڵیان لە چارەنووسی وڵاتان و حکومەتەکانی خۆیان نەبووە و بەدەر لە چەند نموونەیەک، یەکسەر بە سیاسەتی وڵاتانی خۆسەپێنی ڕۆژئاوا ئیدارە دراون و تووشی دەستێوەردان و پیلانی ئەوان بوونەتەوە. دواکەوتوویی زانستی و شوێنکەوتوویی سیاسی ئەمڕۆی زۆربەی وڵاتان، بەرهەمی ئەم دۆخەیە. گەلانی ئێمە، گەنجانی ئێمە، زانایانی ئێمە، کەسایەتییە ئائینییەکان و ڕۆشنبیرانی مەدەنی ئێمە، سیاسەتمەداران و حیزب و کۆمەڵەکانی ئێمە، ئەمڕۆ دەبێت ئەو ڕابردووە بێ شانازی و شەرمەزارییە قەرەبوو بکەنەوە و لە بەرامبەر زۆربێژی و پیلانگێڕی دوژمنان خۆڕاگرانە ڕابوەستن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان کردەوە کە تەواوی وتەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانیی نیگەران و توڕە کردووە، بانگهێشتکردنە بەم خۆڕاگرییە، واتە خۆڕاگری لە بەرامبەر دەستێوەردان و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی خۆسەپێنی دیکە و لە دەستگرتنی چارەنووس و داهاتووی جیهانی ئیسلام.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە دۆخی ئەفغانستان وتیان: ئەمریکا بەو سیاسەتە هەڵەی 20 ساڵی ڕابردووی لە ئەفغانستان شکستی هێنا و پاش بەکارهێنانی چەک و بۆمبی جۆربەجۆر لە بەرامبەر خەڵک و کەسانی سڤیل، خۆیی لە گێژاوێکدا بینی و هەوڵی ڕزگارکردنی خۆییدا، ئەڵبەت گەلی ووشیاری ئەفغانستان دەبێت ئاگاداری پیلانی هەواڵگری و چەکی شەڕی نەرمی ئەمریکا لە وڵاتی خۆیان بن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها وتیان: گەلانی ناوچەکە ئەوەیان سەلماندووە کە بێدارن و ووشیار و ڕێگایان لە هەندێک لەو حکومەتانەی کە بۆ ڕەزامەندی ئەمریکا ملکەچی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بوون، جودایە. ئەو حکومەتانەی کە بە ئاشکرا و نهێنی دۆستایەتی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن، واتە مافی گەلی فەڵەستین لە نیشتمانی مێژوویی ئەوان پێشێل دەکەن، ئەمەش دەسدرێژییە بۆ سەر سەروەت و سامانی فەڵەستینییەکان.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کۆتایی پەیامەکەیان ڕایانگەیاندووە کە ناوچەکەی ئێمە و ڕووداوە جۆربەجۆر و خێراکانی، پیشانگای پەند و وانەکانە، لە لایەکەوە هێزی تێکۆشان و خۆڕاگری لە بەرامبەر دەسدرێژی زلهێزەکان و لە لایەکی دیکەوە سەرشۆڕی و ئەنجامی خۆبەدەستەوەدان و لاوازبوون لە بەرامبەر سیاسەتی سەپێندراوی ئەو وڵاتانە./.