بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گرتە ڤیدیۆییەکەی داعش، تیرۆریستان سەرقاڵی ڕووخاندنی ئاسەوارە مێژووییەکانی ناو مۆزەخانەی موسڵ بوون، بە تایبەت پەیکەرەکان کە تایبەت بوون بەمێژووی زۆر کۆن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە ساڵی 2003 ئەو مۆزەخانەیە ڕوبەڕوی دزینی بەشێک لە ئاسەوارەکانی بوویەوە.
زەید عۆبەیدی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی موسڵ ڕایگەیاندووە کە داعش بە پلان و بەرنامە کاری لە سەر لەناوبردنی شوناسی شاری موسڵ و میراتی کەلتوریی کردووە کە جیهان شارەکەی بەم مێژووە دەوڵەمەندەوە ناسیوە، بە تایبەت داعش هەوڵی لەناوبردنی شارستانیەتی ئاشوری داوە.
بەم پێیەش، شاری موسڵ لە ناوەندێکی زانستی و ڕۆشنبیری بووە شارێکی ڕووخاو و پڕ لە شەڕ و ئاڵۆزی و نەبوونی لایەنی بڕیاردەر، هێشتا بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی ئاوارەن و زۆربەی ئەو هێمایانەی کە موسڵ بەوانەوە ناسراوە، لە ناوچووە و تەنانەت مۆزەخانەکەشی تووشی ئەم کارەساتە بووەتەوە.
بە پێی هەندێک ڕاپۆرت، لە سەدا 70 ی ئاسەوارە مێژووییەکانی مۆزەخانەی موسڵ هێشتا چارەنووسیان نادیارە و پرۆسەی نۆژەنکردنەوەش بە خاوی بەڕێوە دەچێت.
عۆبەیدی ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگای وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسەوارە مێژووییەکان و میراتی کەلتوری عێراق، بانگەوازی هاوکاریکردن بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان بڵاو کراوەتەوە و بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی کە ماوە، پەیامی هاوکاری پێگەیشتووە.
ڕیچارد کۆرن ئەندامی دامەزراوەی ئەمریکی سمیتسۆنین لە ڕیزی یەکەم کەساندا بووە کە لە پاش ئازادکردنی موسڵ لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش مۆزەخانەکەی ئەم شارەی بە سەر کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەمە کارەساتێکی کەلتوری و ڕۆشنبیری گەورە بووە کە لە وڵاتێکدا کە یەکێک لە سەرچاوەکانی شارستانیەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بووە، ڕوویداوە.
ئەوەی کە داعش کردوویەتی ڕەنگە لای هیچ گرووپێکی تیرۆریستی دیکە نەکرابێت، لە بەر ئەوەی کە مۆزەخانەکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان لە ڕووی سەربازییە هیچ گرنگییان نەبووە و داعش تەنیا هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگای عێراق و ڕووخاندنی ژێرخانە کەلتورییەکانی ئەوانی داوە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی موسڵ بە خەمڵاندنی زیانەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەستیپێکردووە بەڵام پاش تێپەڕبوونی ئەم ساڵانە بەردەوام خەمڵاندنی زیانەکان و دیاریکردنی ئەوەی کە لە ناو براوە و دزراوە، ئەستەمە.
بەشێک لە ئاسەوارە کۆن و مێژووییەکانی مۆزەخانەی موسڵ لە لایەن فەرمانبەرەکانیەوە و لە ڕێگای ڕووبارەوە بۆ پارێزگای نەینەوا ڕزگار کراوە.
حکومەتی عێراق لە گەڵ ناوەندە نێودەوڵەیییەکان هەوڵی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی موسڵ و گەڕانەوەی پێگەی ئەم شارە وەک ناوەندێکی زیندووی کەلتوری لە عێراق دەدات.
لە ساڵی 2019، تیمێک لە دامەزراوەی سمیتسۆنین لە واشنتن بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و داڕشتنی پلانی نۆژەنکردنەوە سەردانی مۆزەخانەی موسڵیان کرد.
ئەم کارەش وەک بەشێک لە یەک پرۆژە بە هاوکاری مۆزەخانەی لوری فەرەنسا و سندۆقی جیهانی بینا مێژووییەکان و پەیمانگەی نێودەوڵەتی ئەلیف لە سویسرا کرا.
بە وتەی ڕیچاد کۆرن، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە مۆزەخانەی موسڵ ڕەنگە یارمەتیدەری گەلی عێراق بێت بۆ زاڵبوون بە سەر ئایدۆلۆژیای داعش.
تیمی بەرپرسیار لەم پرۆژەیە بەدەر لە نۆژەنکردنەوەی بینای مۆزەخانەکە کە زیانی زۆری پێگەیشتووە، کێشەی دیکەشی هەیە و ئەوش هەزاران ئاسەواری مێژووییە کە لە لایەن چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی داعشەوە لە ناو براوە.
مۆزەخانەی موسڵ بە دووەم مۆزەخانەی گەورەی عێراق دادەنرێت./.