بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بیژەن نامدار زەنگەنە ڕایگەیاند کە لە پاش بڕیارەکەی دوایین کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام نابێت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە درێژماوەدا لە قازانجی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەسدا نییە.
ناوبراو سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕێکەوتنی نۆزدەیەمین کۆبوونەوەی ئۆپێک پلەس وتی: ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بڕیاری ئەوەیاندا تا کانوونی یەکەمی 2022 هەرمانگ ڕێژەی وەبەرهێنانی ئەم هاوپەیمانییە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل تا گەیشتن بە ڕێژەی وەبەرهێنانی نیسانی 2020 کە بنەمای کەمکردنەوەی وەبەرهێنان بووە، بەرز ببێتەوە.
وەزیری نەوتی ئێران جەختیکردەوە کە گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ بازاڕەکانی نەوت گرنگ و کاریگەر دەبێت و هەر کات ئەمەش ڕوو بدات ئۆپێک پڵەس ناتوانێت گەڕانەوەی ئێران لە بەرچاو نەگرێت.
زەنگەنە سەبارەت بە کاریگەری کۆبوونەوەکە لە سەر بازاڕی نەوت وتی: نرخەکان زۆر بەرز نابنەوە و دۆخێکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ داهاتوو./.