بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە سەرکردەی تاڵیبان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕایگەیاند کە تاڵیبان لایەنگری جیدی چارەسەرکردنی قەیرانی ئەفغانستانە لە ڕێگای وتووێژەوە بەڵام لایەنەکانی بەرامبەر، ئەم دەرفەتانەی ئاشتی لە ناو دەبەن.
ناوبراو کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکا و هەروەها داگیرکردنی چەندین ناوچەی ئەفغانستانی بە دەسکەوتی گرووپی تاڵیبان ناو بردووە.
لەو پەیامەدا هاتووە کە ئێمە بۆ بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان و پرۆسەی سیاسی، نووسینگەی سیاسیمان کردووەتەوە و پابەندی چارەسەرکردنی قەیرانی ئەفغانستانین لە ڕێگای سیاسی و وتووێژەوە.
مەلا هەیبەتوڵڵا ڕایگەیاند کە پاش کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان، ئەم گرووپە ئامادەی پەیوەندییەکی زۆر باشی سیاسی و ئابورییە لە گەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەمریکا.
وتیشی کە تاڵیبان دڵنیایی بە وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهان دەدات کە خاکی ئەفغانستان نابێتە هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ لایەنێک./.