بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەسوڵ موسەوی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە حەنیف ئەتمەر وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەفغانستان، ئەو کاتەی کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو، لە سەردانێکدا بۆ تاران داوایکرد کە ئێران یارمەتیدەری وتووێژی نێوا حکومەتی کابوڵ و گرووپی تاڵیبان بێت و بە فەرمی داوا لە ئێران کرا کە لەم دۆسیەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و پاش ماوەیەک کە لە گەڵ تاڵیبان وتووێژ کرا، ڕەزامەندییان لە سەر وتووێژ لە گەڵ حکومەتی ئەفغانستان دەربڕی.
موسەوی وتی: لەو کاتەدا داواکارییەکانی تاڵیبان هێندە زۆر نەبوون، بۆ نموونە، داوایان دەکرد کە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکان بە پێی یاساکانی ئەوان بێت، یان قایمقامەکان خۆیان هەڵیبژێرن.
ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی سەردانەکەی عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ ئەفغانستان لە ساڵی 2018، وتی: لەو سەردانەدا ئامادەیی تاڵیبان بۆ دانوستان و هەروەها ڕیزی داواکارییەکانیان گەێندرایە حکومەتی ئەفغانستان. حکومەتی ئەفغانستانیش دەستخۆشیی کرد و وتیان وەڵام دەدەینەوە، بەڵام ئەمەیان نەکرد و دەزانین کە ئەمریکییەکان ڕێگرییان لەوە کرد./.