بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا میرابیان، شرۆڤەکاری سیاسی، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە زیاتربوونی هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، وتی: لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوو ئەمریکا چەندین پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و خۆڕاگری سوریای کردووەتە ئامانج.
ناوبراو وتی: لە پاش ئەو هێرشانەش کەتائیبی حیزبووڵای عێراق، کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا و گرووپەکانی خۆڕاگری، ڕایانگەیاند کە وەڵامی دەسدرێژییەکانی ئەمریکا دەدەنەوە و حکومەتی عێراقیش بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانەی ئەمریکا دەسدرێژییە بۆ سەر خاک و سەروەری عێراق.
میرابیان وتی: وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا، چەندین هێرش کرایە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا، عەین ئەسەد و …. و هەروەها بنکەی سەربازی ئەمریکا لە سوریاش کرایە ئامانج.
بە وتەی ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە، هێزەکانی خۆڕاگری عێراق و سوریا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشانە تا کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم دوو وڵاتە بەردەوام دەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە ئەمریکا لە پاش پەسەندکردنی یاساکەی پەرلەمانی عێراق هێزەکانی لەم وڵاتە هێشتووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان بە بیانووی شەڕی دژ بە داعشەوە دەیانەوێت هێزەکانیان لەم دوو وڵاتە بمێننەوە.
ڕەزا میرابیان وتی: هەندێک ڕاپۆرت باس لەوە دەکات کە ئەمریکا لە جێی کشانەوەی هێزەکانی، بژاردەی کەمکردنەوە یان گۆڕینی بنکە سەربازییەکانی خستووەتەڕوو.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە جەختیکردەوە کە ئەزموونە تاڵەکەی ئەفغانستان و شکستی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا لە عێراق و سوریا بۆ دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی دووبارە دەبێتەوە و هێزەکانی خۆڕاگری لە داهاتوودا هێرشەکانیان لە دژی داگیرکاران زیاتر دەکەن./.