بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گۆڕانکارییەکی کەم وێنەدا لە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتی و دوو کەسایەتی دیاری ئەم حیزبە، بافڵ تاڵەبانی لە ڕاگەێندراوێکی پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، خۆیی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساند و دەستەواژەی هاوسەرۆک لەو ڕاگەێندراوەدا بەکار نەهاتووە.
ئەمەش پیشاندەری بەردەوامی ناکۆکییەکانە لە گەڵ لاهور شێخ جەنگی و شکستی سیستەمی هاوسەرۆکی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەروەها هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.
لە ڕۆژانی ڕابردوو گۆڕینی بەرپرسانی دوو دەزگای ئەمنی و هەواڵگری دژە تیرۆر و زانیاری لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، کێشەی خستووەتە نێوان ناوبراو و لاهور شێخ جەنگی کە لە پاش کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی وەک هاوسەرۆکانی ئەم حیزبە دەناسران./.