بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جوئی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە گرووپە عێراقییەکان کردووە کە هێرشەکان لە دژی سەربازە ئەمریکییەکان ڕابگرن و کاریان بەم وڵاتەوە نەبێت.
ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر وەڵامی لێدوانی ئەم بەرپرسە ئەمریکییەی دایەوە و وتی: شەرمەزاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەو ئاستە گەیشتووە کە داوا لە خۆڕاگری عێراق دەکات کاریان بەوانەوە نەبێت.
کەعبی وتی: بەوان دەڵێین کە لە عێراق بڕۆن و دەستێوەردانە ئاشکرا و تێکدەرانەکانی خۆتان لە وڵاتی ئێمە ڕابگرن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە زۆربەی کێشەکانی عێراق بە هۆی ئەمریکایە، وتی: چۆن واز لە ئێوە بێنین، لە کاتێکدا کە خاکی ئێمەتان داگیر کردووە و سەروەری وڵاتی ئێمە پێشێل دەکەن، چۆن واز لە ئێوە بێنین کە فەرماندەکانی ئازادی و سەرکەوتنی ئێمە بە دەستی ئێوە کوژراون؟
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا لە کۆتاییدا وتی: واز لە ئێوە ناهێنین، خۆڕاگری چقڵی چاوی ئێوە دەبێت تا ئەوەی کە بست بە بستی خاکی عێراق لە بوونی ئێوە پاک دەبێتەوە و ئاهەنگی سەرکەوتن و ئازادی لە سەر تەرمی سەربازەکانتان دەگێڕین./.