بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆریای باکور ڕێوشوێنی توندی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر کە ئەمەش کاریگەری گەورەی ئابوریی بە دواوە دەبێت، هاوکات ڕووسیا جارێکی دیکەی پێشنیاری ناردنی ڤاکسێنی کۆرۆنای بۆ ئەم وڵاتە کردووە.
کۆریای باکور پێشنیاری وەرگرتنی ڤاکسێنی کۆرۆنا و هاوکاریی لە وڵاتانی دیکە ڕەتکردووەتەوە.
ئەم وڵاتە، لە بەرامبەردا سنورەکانی داخستووە و هەوڵی ئەوەیداوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی بهێڵیتەوە بەڵام ئەم هەنگاوە کاریگەریی لە سەر بازرگانیکردن لە گەڵ چین داناوە. کۆریای باکوری لە ڕووی دابینکردنی خۆراک، سووتەمەنی و پەینی کشتووکاڵی بە تەواوی بەسراوەی چینە.
کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور کێشەی کەمبوونی مادە خۆراکییەکانی لە وڵاتەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و دۆخەکەی بە مەترسیدار ناو بردووە.
ئەو مانگی ڕابردوو بە دانیشتووانی وڵاتەکەیی ڕاگەیاند کە خۆیان بۆ خەراپترین بارودۆخ ئامادە بکەن، بارودۆخێک هاوشێوەی قات و قوڕییە کوشندەکەی دەیەی 1990.
سزا نێودەوڵەتییەکان وایکردووە کە بازرگانیکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆراک بۆ کۆریای باکور ئەستەم بێت.
ڕووسیا پێشتر ئەوەی بە بەرپرسانی کۆریای باکور ڕاگەیاندبوو کە ڕەنگە تێپەڕبوونی بەم بارودۆخە دژوارەدا مسۆگەر نەکرێت. سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ پێشنیاری پێدانی ڤاکسێنی کۆرۆنای بە کۆریای باکور داوە.
کۆریای باکور کەوتووەتە قەیرانێکی گەورە، ئەڵبەت ئەم قەیرانە تا چەندە چارەسەر دەبێت، بەندە بە چەند مانگی داهاتووەوە.
ئەم وڵاتە کێشەی کەمبوونی مادە خۆراکییەکانی هەیە و پێدەچێت کیم فەرمانی ئەوەی بە سوپای وڵاتەکەی دابێت کە کۆگاکانی خۆراک لە نێوان خەڵکدا دابەش بکات.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە کۆریای باکور ڕوبەڕوی کەمبوونی 860 هەزار تەن مادە خۆراکییەکان بووەتەوە.
ئەڵبەت ئەم بارودۆخە بە هیچ شێوازێک بە بارودۆخی دەیەی 1990 بەراورد ناکرێت بەڵام کۆگاکانی خۆراک بەرە بەرە خاڵی دەبن و دەبێت لە وەرزی پاییزدا بەرهەمەکان هێندە زیاتر بن کە ڕێگری لە برسێتی بەربڵاو لەم وڵاتەدا بکات.
ساڵی ڕابردوو بە هۆی ڕووداوە سرووشتییەکانەوە بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی کۆریای باکور هێندە باش نەبوو و ئەم وڵاتە ناتوانێت ئەمساڵ بەرگەی ئەو ڕووداوانە بگرێت.
یەکێک لە ڕێگاکانی دەربازبوون لەم قەیرانە، کوتانی خەڵکە بە ڤاکسێنی کۆرۆنا کە موڵەتی ئەوە بە حکومەت دەدات قەدەغەکان لە خاڵە سنورییەکان هەڵبگرێت و بەمەش دەرفەتی دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان دابین دەکرێت.
شارەزایان هۆکاری ڕەتکردنەوەی دابینکردنی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە لایەن حکومەتی کۆریای باکورەوە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێننەوە: یەکەم، ئەوەی کە ئەم وڵاتە بۆ گواستنەوە و هەڵگرتنی ڤاکسێنی کۆرۆنا کێشەی هەیە و دووەم، ئەوەی کە نایەوێت کەسانی بیانی چاودێری پرۆسەی بەکارهێنانی ڤاکسێنەکان بکەن. ئەڵبەت کۆریای باکور دەڵێت کە هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنا نییە، بابەتێک کە لە لایەن شارەزایانەوە گومانی لە سەرە.
چین و کۆریای باشوریش پێشنیاری دابینکردنی ڤاکسێنی کۆرۆنایان بە پیۆنگ یانگ داوە./.