بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەیەکی کەمدا جیهانی خستە ژێر کاریگەرییەکانی خۆی و لە ئێستادا بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک، ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پەتایە بەردەوامە. بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کاریگەری جیاوازی لە سەر ژیانی خەڵک و وڵاتان هەبووە و کەرتی وزەش لەم بابەتە بێبەش نەبووە.
بەم پێیەش، توێژەران بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک، کاریگەری ئەم ڤایرۆسەیان لە سەر ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران و جیهان تاوتوێ کردووە.
ئەنجامی ئەم توێژینەوەش باس لەوە دەکات کە کاریگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە سەر پیشەسازی کارەبای ئێران و جیهان بەرچاو بووە و ئەمەش لە ڕێژەی کارەبای بەرهەمهێنراو و ڕێژەی کارەبای بەکارهێنراودا دیارە.
لەم توێژینەوەدا ئاماری بەکارهێنانی کارەبا لە وڵاتانی ئێران، ئەمریکا، چین، هیندستان و چەند وڵاتێکی ئەورووپی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێ کراوە. بە پشت بەستن بە ئەنجامەکان کە بە پێی داتا بڵاو بووەتەوە، دەتوانین بڵێین کە کاریگەری کۆرۆنا لە سەر ڕێژەی خواست لە سەر کارەبا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دابەزیوە و ئەم دابەزینی ڕێژەی کارەباش کاریگەری نەخوازراوی ئابوریی بە دواوە بووە.
لەم توێژینەوەدا، تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی بەکارهێنانی ڕۆژانەی کارەبا لە ئێران لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و بەراوردکردنی بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشووتر، پیشانیداوە کە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ، دیسانەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا وەک ڕابردوو و شارەزایانیش دەڵێن کە بە هۆی کۆرۆناوە شێوازی بەکارهێنانی کارەبا تووشی گۆڕانکاری بووە.
هەروەها ئاماری کارەبای بەکارهێنراو لە شاری نیۆیۆرک لە ئەمریکا و وڵاتی ئیتالیا لە ئەورووپا پیشانیداوە کە لە سەردەمی قەدەغەی هاتووچۆ وڵاتانی دیکەش وەک ئێران ڕوبەڕوی دابەزینی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بوونەوە بەڵام پاشان بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ دیسانەوە بەکارهێنانی کارەبا گەیشتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
لەم توێژینەوەدا هاتووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترین کاریگەریی لە سەردەمی کەرەنتین لە سەر بەکارهێنانی کارەبا هەبووە و بە هەڵگرتنی کەرەنتین ئەم کاریگەرییە کەم بووەتەوە./.