بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری هەرێمی کوردستان و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە وتووێژێکی لە گەڵ دەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند: هێرشەکانی سەر هەولێر بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکانە لە عێراق و ئەو گرووپانەش بە ئاشکرا ئامانجی خۆیان ڕاگەیاندووە.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان دەڵێن هەڕەشەی داعش لە عێراق ماوە و هێزەکانی ئێمەش دەمێننەوە و پاشەکشە ناکەن و لە سەر داوای حکومەتی عێراق هاتووین. بەڵام مادام دەمێننەوە دەبێت بەرگری لە خۆیان بکەن و بەو شێوەیە بێدەنگ نەبن.
مەحمود عوسمان ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دا و وتی: دیاری نییە کە ئەمریکییەکان لە عێراق دەکشێنەوە یان نە، دوناڵد ترەمپ کاتێک دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکشێنێتەوە بەڵام مانەوە، لە ئەفغانستان دەکشێنەوە و دەیدەنە گرووپی تاڵیبان، لە عێراقیش سیاسەتێکی ڕوونیان نییە.
ئەم سیاسەتمەدارەی کورد وتی کە هەرێمی کوردستان نابێت بە شێوەیەک هەڵسووکەوت بکات کە زیاتر لەمە باجی سیاسەتەکانی ئەمریکا بدات.
وتیشی کە هەرێمی کوردستان سنورێکی بەرفراوانی لە گەڵ ئێران هەیە و تاران لە بەغداش دەستڕۆیشتووە و ئەگەر هەرێم حسێب بۆ ئێران نەکات لە دوو لاوە زیانی بۆی دەبێت.
ناوبراو وتی: من پێم وایە کە هەرێم نابێت زیاتر باجی ئەوە بدات و زۆر بە دوای ئەمریکاوە بڕوات، ئەمریکا جێی پشتیوانی و بڕوا و پشت بەستن نییە، با حکومەتی هەرێم داوای کشانەوەی ئەو هێزانە بکات./.