مەلا بەختیار کەسایەتی دیاری هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتووێژێکی تایبەت لە گەڵ بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی، وەڵامی چەندین پرسیاری سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، شەڕی داعش و هاوکارییەکانی ئێران، کەسایەتی شەهید قاسم سولێمانی و ڕۆڵی لە شکستی داعش، کاری میدیایی لە ناوچەکە و … دایەوە.
ناوبراو لە بەشیک لەم وتووێژەدا سەبارەت بە کاری میدیایی لە وڵاتانی ناوچەکە، ڕایگەیاند کە وڵاتانی وەک ئێران و عێراق کاریگەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە سەرە، وەک سوریا و لوبنان و یەمەن و .. ، میدیاکانی ناوچەکەش بوونەتە میدیای شەڕ یان بەرگریکردن لە بەرامبەر ئەو شەڕە، تەنانەت پڕوپاگەندەکانیش هێمایەکن بۆ ئەم هەلومەرجە سیاسییەی کە بە سەر ناوچەکەدا تێپەڕ دەبێت.
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وتی: دەبێت ئەم شێوازەی کارکردنی میدیاکانی ناوچەکە بگۆڕێت و بیر لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بکرێتەوە، باسکردنی شەڕ لە میدیاکان خەڵکی هیلاک کردووە.
دەقی تەواوی ئەم وتووێژە تایبەتە دواتر لە ڕێگای بەشە جیاجیاکانی دەزگای میدیایی جام کوردی بڵاو دەکرێتەوە./.