دۆخی ئەفغانستان بە شێوازێکە کە ناتوانین گۆڕانکارییە خێرانییەکانی ئەم وڵاتە لە بەرچاو نەگرین. لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک خەڵکی ئەفغانستان خۆیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەفغانستانێکی نوێ ئامادە کردووە. ڕەنگە جارێکی دیکە ڕووداوەکانی دەیەکانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە، ئەو کاتەی کە هێزەکانی سوپای یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو لە کاتی شکستی پلانەکەیان لە ئەفغانستان، ئەم وڵاتە و خەڵکەکەیان بەو هەموو خاڵی دژ بە یەکەوە بە جێهێشت و لەو کاتەدا تاڵیبان توانی سەرکەوتن بە دەست بێنێت و پشکی خەڵکیش لەو دەسەڵاتە سەپێندراوەی تاڵیبان تەنیا ئێش و ئازار و دواکەوتوویی و ڕەشترین قۆناغی مێژووی وڵاتەکەیان بوو.
بەهێزبوونەوەی دووبارەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، خەراپترین ڕووداوە نەک تەنیا بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە، بەڵکوو بۆ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. بەڵام ڕووداوەکانی ئێستا لە گەڵ ئەوەی ڕابردوو چەند جیاوازییەکی سەرەکییان هەیە:
یەکەم: خەڵکی ئەفغانستان، وڵاتانی دراوسێی ئەم وڵاتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئێستادا تێڕوانینێکی باشتریان لە بنەما ئایدۆلۆژییەکان و کارنامەی ئەم گرووپە توندڕۆیە هەیە. لە ئێستادا خەڵک بە چاوێکی کراوەترەوە لە تاڵیبان دەڕوانن، بە پێچەوانەی ئەو کاتەی کە تاڵیبان بە ئاڵای سپییەوە پایتەختی ئەفغانستانیان داگیر کرد و پێنج ساڵ حکومەتێکی توندڕۆ و دواکەوتوویان بە سەر ئەو خەڵکەدا سەپاند. خەڵکی ئەفغانستان لە ئێستادا باش دەزانن کە بوونی تاڵیبان چ هەڕەشەیەکە لە سەر ئەوان و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان، بە واتایەکی دیکە، ئەمجارە تاڵیبان نەک لە گەڵ گرووپە چەکداری و جیهادییەکان، بەڵکوو ڕوبەڕوی خەڵکێک بووەتەوە کە هیچ نزیکایەتی و سازشتێکی لە گەڵ ئەوان نییە.
دووەم: وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەزانن کە تاڵیبان هیچ کات لە ئاست لایەن و گرووپێکی سیاسی پابەند بە یاسا نییە و نابێت. ئەم گرووپە وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بینراوە و تەنیا بە پێی ئایدۆلۆژیا و خواستی خۆی هەنگاوی ناوە، بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە سنورەکانی ئەفغانستان لە گەڵ دراوسێکان، ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش هەڕەشەیەکە لە سەر سەقامگیری. هەر بۆیە هەر لایەنێکی دەرەکی ئەفغانستان بە پێی ئەم دۆخە ئەمنییە ڕێگاچارەی بۆ خۆی داناوە یان دادەنێت. قڕقیزستان، ئۆزبەکستان و تاجیکستان ئەو سێ وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاستن کە وەک سێ دراوسێی ئەفغانستان خۆیان بۆ قۆناغێکی دژوار ئامادە کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕووسیا و چین وێڕای خۆبەدوورگرتن لەوەی لە گێژاوی ئەفغانستاندا تووشی شکست نەبن، هەوڵ دەدەن سنورەکانی خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشەی تاڵیبان بپارێزن. هەروەها مۆسکۆ هەوڵ دەدات لە وتووێژەکانی لە گەڵ تاڵیبان، ئەوان لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بەکار بێنێت.
ڕووسیا لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵ دەدات دۆخەکە لە پارێزگاکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ئارام و لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بێت. لە هەنگاوی دووەمدا هەوڵ دەدات ئاستی دەستڕۆیشتوویی خۆی تا ئۆقیانووسی هیند زیاتر بکات، ئامانجێک کە ڕووسیا لە هەڵسووکەوتی لە گەڵ تاڵیبان و سیاسەتەکانی لە بەرامبەر هیندستان و پاکستان پەیرەوی دەکات. پەیوەندییەکانی مۆسکۆ – تاڵیبان لە لایەکەوە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەیە و لە لایەکی دیکەوە کەڵک وەرگرتنە لەم گرووپە لە پێناو ئامانجە ستراتیژییەکانی مۆسکۆ لە ناوچەکە.
لە ئێستادا ئەمریکا، ڕووسیا، چین، تورکیا، پاکستان، قەتەر و ئیمارات بە چەند کاراکتەرێکی چالاک لە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان دادەنرێن، هەر یەک لەم وڵاتانە بە پێی سیاسەت و ستراتیژی خۆیان هەوڵ دەدەن کاریگەری لە سەر گۆڕانکارییەکان دابنێن، ئەمەش ئەفغانستان بەو دۆخە شڵەژاوە پێشبینکراوەی داهاتووی، ڕوبەڕوی دابەشکاری ستراتیژی لە نێوان وڵاتانی ئاماژەپێدراو دەکات، دەتوانین بڵێین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەفغانستان دەبێتە شوێنی ململانێی هەر یەک لەو وڵاتانە و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی بەوەکالەتیش زیاتر دەکات.
سێهەم: تاڵیبان بۆ گەڕانەوەی بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستان ناچار بە قبووڵکردنی ئەو مەرجانەی دەبێت کە هەر یەک لە لایەنەکانی دەرەوەی کاریگەر لە سەر دۆخی ئەم وڵاتە بۆی دیاری دەکەن.
پێشبینی کەوتنی حکومەتی ناوەندی ئەفغانستان بەم دۆخەوە ناکرێت، هەر بۆیە ڕەنگە تاڵیبان بە پێچەوانەی ڕابردوو کە بە سەر تەواوی ئەفغانستاندا زاڵبوو، ئەمجارە بە پێی هەلومەرجەکە، دەسەڵاتی لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی ئەم وڵاتەدا هەبێت، ئەگەرچی ناتوانین بڵێین کە گرووپی تاڵیبان پابەندی بەڵێنەکانی لە داهاتوودا بێت.
چوارەم: ئێران بەراورد بە ڕابردوو ڕوبەڕوی دۆخێکی دژوار لە ئەفغانستان بووەتەوە.
ئەگەرچی تاران لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە لە ساڵانی ڕابردوو بوونی کاریگەری خۆی لە ئەفغانستان بپارێزێت بەڵام دۆخەکە لە ئێستادا گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە. ئێران دەتوانێت لە بەرژەوەندی خۆی لە ناوچە سنورییەکانی نزیک لە سنورەکانی خۆی تا ڕادەیەک دۆخەکە ئارام بکاتەوە. دوورخستنەوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەفغانستان لە هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران لە شەڕی تاڵیبان یان هەر شەڕێکی بەوەکالەت، سەرەکیترین هەنگاوە کە تاران بەرامبەر بەم دۆخەی ئەفغانستان دەتوانێت جێبەجێی بکات.
پێنجەم: پێدەچێت نە تاڵیبان و نە حکومەتی ناوەندی ئەفغانستان لە داهاتوودا توانای پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوویان نەبێت، ئەم دۆخەش دەتوانێت شەپۆلێک ئاڵۆزیی لە ئەفغانستان بە دواوە بێت و وەک هەڕەشەیەک لە سەر وڵاتانی دراوسێش بێت. دوورکەوتنەوەی ئەفغانستان لە بوونی حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو دەتوانێت هەڕەشەیەک بێت کە ئەنجامی شکستی ئەمریکا و پیلانگێڕی دەسەڵاتدارانی واشنتنە لە دژی خەڵکی ئەفغانستان و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ. ڕەنگە پاکستانیش وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی تاڵیبان سەرەڕای گەشبینیی بە داهاتوو، لەم دۆخە کاریگەری نەرێنی زۆر وەربگرێت.
تەنیا خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا خەڵکی ئەفغانستان دەتوانن بە پێی کارنامەی ڕەشی تاڵیبان، چارەنووسی وڵاتی خۆیان باشتر دیاری بکەن کە نە تاڵیبان و نە وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا نەتوانن کاریگەری لە سەر ئیرادەی ئەوان دابنێن./.