بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا لە چاوپێکەوتنێکی عەباس گوڵڕو جێگری سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی ئێران – سوریا و ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران و شاندی یاوەری، جەختیکردەوە کە دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشق لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی گەل و حکومەتی هەر دوو وڵات بەرفراوانتر و بەهێزتر بکرێت.
عەرنوس وتی: حکومەتی سوریا هەوڵی بەرفراوانترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان و زیاترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران دەدات تا بە پێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، بەرەوپێشچوونیش لە پەیوەندییە ئابورییەکان بەدی بکرێت.
ناوبراو وتی: هەر دوو لا پێویستە هەوڵی واژۆکردنی ڕێکەوتنی نوێ و جێبەجێکردنی خێرای پرۆژە هاوبەشەکان و تێپەڕکردنی بەربەستەکانی بەردەم بدەن.
لە لایەکی دیکەوە عەباس گوڵڕو جێگری سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی ئێران – سوریا لە پەرلەمانی ئێران، وتی: ئامانج لە سەردانی شاندەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ سوریا زیاترکردنی هەماهەنگییەکان و هەڵگرتنی بەربەستەکانە لە بەردەم هاوکارییە هاوبەشەکان.
ناوبراو وتی: پەرلەمانی ئێران گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بە تایبەت سوریا دەدات./.