بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تا کۆتایی مانگی حوزەیران ڕێژەی بێکاری لە سویسرا بۆ لە سەدا 2.8 دابەزی کە ڕێژەکە بەراورد بە مانگی پێشووتری لە سەدا 0.3 دابەزیوە و ئەمەش کەمترین ڕێژەی بێکاریی تۆمارکراوە لەو وڵاتە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو.
لەم ماوەیەدا ژمارەی ئەو کەسانەی هەلی کاریان نەبووە بەراورد بە مانگی پێشووتری 11 هەزار و 145 کەس کەمتر بووە و گەیشتووەتە 131 هەزار و 821 کەس. لە نێو گەنجان ڕێژەی بێکاری کەسانی تەمەن 15 تا 24 ساڵەی سویسرا بە لە سەدا 0.2 دابەزین بەراورد بە ڕێژەی تۆمارکراوی مانگی پێشووتری گەیشتووەتە لە سەدا 2.2 تا کۆتایی ئەم مانگە کە کەمترین ڕێژەی بێکاری تۆمارکراوی هەشت مانگی ڕابردووە. لەم ماوەیەدا ژمارەی گەنجە بێکارەکانی سویسرا 991 کەس کەمتر بووە و گەیشتووەتە 11 هەزار و 763 کەس.
مامناوەندی ڕێژەی بێکاری سویسرا لە ساڵی 1995 تا 2021 لە سەدا 3.18 بووە کە بەرزترین ڕێژەی بێکاریش پەیوەندی بە کانوونی دووەمی ساڵی 1997 و لە سەدا 5.7 بووە و کەمترین ڕێژەیش لە مانگی ئایاری 2001 و لە سەدا 1.5 بووە.
هەروەها ڕێژەی بێکاری لە وڵاتی کۆریای باشور تا کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بە لە سەدا 0.1 بەرزبوونەوە بەراورد بە مانگی پێشووتری گەیشتووەتە لە سەدا 3.8 کە ئەمەش زیاترین ڕێژەی بێکاری تۆمارکراوی ئەو وڵاتە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو بووە. لەو ماوەیەشدا ژمارەی بێکارانی کۆریای باشور بە 61 هەزار کەس زیاتربوون گەیشتە یەک ملیۆن و 73 هەزار کەس.
لە لایەکی دیکەوە ژمارەی ئەوانەی هەلی کاریان هەبووە، 101 هەزار کەس بەراورد بە مانگی پێشووتری زیاتر بووە و گەیشتووەتە 27 ملیۆن و 313 هەزار کەس. ڕێژەی بەشداری لە بازاڕی کار کە پیشاندەری حەشیمەتی چالاکی 18 تا 64 ساڵە، گەیشتووەتە لە سەدا 63.7 کە لە سەدا 0.7 زیاترە لە ڕێژەی تۆمارکراو بۆ مانگی پێشووتری. ڕێژەی دابینکردنی هەلی کاریش بە لە سەدا 0.1 دابەزین گەیشتووەتە لە سەدا 59.1 لەو وڵاتە.
مامناوەندی ڕێژەی بێکاری لە کۆریای باشور لە ساڵانی 1999 تا 2021 لە سەدا 3.63 بووە کە بەرزترین ڕێژەی تۆمارکراو پەیوەندی بە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1999 لە سەدا 7.1 و کەمترین ڕێژەش لە سەدا 3 لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2002 بووە./.