بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لە گرنگترین بینا مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی ئیلام، کۆشکێکە بە ناوی کۆشکی فەلاحەتی کە کەوتووەتە ناوەڕاستی ئەم شارە و لە شەقامی ئایەتووڵا عەبدولڕەحمان حەیدەری ئیلامدایە.
مێژووی کۆشکی فەلاحەتی
کۆشکی فەلاحەتی لە ساڵی 1326 ی کۆچی مانگی، واتە لە سەردەمی قاجاڕەکان، لە سەر فەرمانی غوڵامڕەزاخان حاکمی ئەو کاتەی ئیلام، درووست کراوە. لە سەردەمی پێشوو چواردەوری ئەم کۆشکە پڕ لە باخی جوان و ڕازاوە و دەوڵەمەند بە هەموو میوەیەک بووە بەڵام ئەمڕۆ هەمووی بووەتە شەقام و بینا و باڵاخانە و هەر ئەمەش تا ڕادەیەک لە جوانیی ئەم کۆشکەی دابەزاندووە، ئێستاش بووەتە مۆزەخانەی کشتووکاڵی و هەندێک کەسیش بە کۆشکی کشتووکاڵی ناوی دەبەن، ئەم کۆشکە بە هەر ناوێکەوە یەکێکە لە گرنگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری ئیلام.
کۆشکی فەلاحەتی لە ڕووی بیناسازییەوە
ئەم کۆشکە لە زەوییەکی 810 مەتری چوارگۆشەیی درووست کراوە، بیناکەی زیاتر لە 337 مەتری چوارگۆشەیە. کە دەگەیتە ناو کۆشکەکە هۆڵێکی گەورە لە ناوەڕاستەکەیدایە و لە چواردەوری ئەمەش دوو ژوور دەبینرێت، لە بەردەم ئەم هۆڵەش هەیوانێک هەیە کە سەرجەم هۆڵ و ژوورەکان دەگەنە ئەو هەیوانە.
لە ڕووی جوانکاری بیناسازی ئەو سەردمەش گرنگی بە بەشی ناوەوەی کۆشکەکە دراوە.
مۆزەخانەی کشتووکاڵی
ساڵی 1390 ی کۆچی هەتاوی بڕیاردرا کە کۆشکی فەلاحەتی بکرێتە مۆزەخانەی کشتووکاڵی. ئەم مۆزەخانەیە چوار بەشی سەرەکی لە خۆ دەگرێت. لە بەشی یەکەمدا دەتوانن چەندین ئامێری درووستکراو لە بەرد ببینن کە پەیوەندی بە گردی عەلی کوشەوە هەیە و مێژووی ئەوانەش بۆ 8 هەزار ساڵ پێش زائین دەگەڕێتەوە. گردی عەلی کوش ناوچەیەکە لە قەزای دێهلۆڕان کە ئاسەواری کۆن و مێژووی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی مۆزەخانەکە دەتوانن دۆخی کشتووکاڵی کۆنی ئیلام لە نیو سەدەی ڕابردوودا ببینن. لە دوو بەشی دیکەش هەندێک دەرمانی گیایی و بەڵگە و تاپۆی زەوییە کشتووکاڵییەکان نمایش کراوە.
تۆمارکردن لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران
کۆشکی فەلاحەتی وەک یەکێک لە یادگارەکانی سەردەمی قاجاڕ لە شاری ئیلام کە شێوازی بیناسازی ئەو سەردەمە نمایش دەکات، لە ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 1750 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە تا جەخت لە سەر گرنگیی وەک ئاسەوارێکی پڕبایەخی مێژوویی بکرێتەوە./.