بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەنگوین و زەیتی زەیتون لە ڕیزی بەرهەمە گرنگە سرووشتییەکانن. هەنگوین چەندین جۆری هەیە و هەر یەک لەوان بۆ جەستە و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان بەسوودن. بەکارهێنانی هەنگوین وەک چارەسەری دەرمانی گرنگییەکی زۆری هەیە و دەبێت ئەوەش بزانین کە تەنیا دەبێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان کەڵک لە هەنگوینی سرووشتی وەربگرین.
هەنگوین دەتوانێت ئاستی وریایی بەرزتر بکاتەوە، زاکیرەی کەسەکە بەهێزتر بکات، چارەسەری کۆکە دەکات، بۆ گەدە باشە، دژی سکچوون و تایە و ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ دەکات.
زەیتی زەیتونیش بە هەمان شێوە تایبەتمەندی و سوودی زۆری هەیە. هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر ئەسیدی چەوری ئۆمێگای 9 و لە دەستەبەرکردنی تەندرووستی جەستە ڕۆڵی گرنگی دەبێت.
تێکەڵکردنی هەنگوین و زەیتی زەیتون دەتوانێت پێکهاتەیەکی کەم وێنە بۆ جوانی و پاراستنی تەندرووستی بێت.
لە درێژەدا بەشێک لە سوودەکانی ئەم تێکەڵاوە هاتووە:
تەندرووستی دڵ
بە بەکارهێنانی زەیتی زەیتون و هەنگوین دەتوانین یارمەتیدەری دابەزینی فشاری خوێن بین.
دژی شێرپەنجەیە
هەنگوین و زەیتی زەیتون ئەنتی ئۆکسیدانی زۆری تێدایە و بەمەش دەتوانێت ڕێگری لە گەشەی خانەکانی شێرپەنجە بکات. ئەڵبەت دەبێت بڵێین کە بەکارهێنانی ئەم تێکەڵاوە لە گەڵ دەرمانەکانی دیکە بۆ باشتربوون و ڕێگری لە پێشڕەوی شێرپەنجە باشترە کە لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا بێت.
دژی بەکتریایە
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی زەیتی زەیتون لەناوبردنی بەکتریا زیانبەخشەکانی وەک هیلکۆبەکتریای پیلۆرییە. هەنگوینیش وەک جێگرەوەیەکی سرووشتی بۆ شەکر تایبەتمەندی دژە بەکتریای هەیە و ڤیتامینەکان و مادەی بەسوودی زۆر دەگەێنێتە جەستە.
ڕێگری لە هەوکردنەکان
توێژینەوەکان پیشان دەدەن کە ئەسیدێکی نێو زەیتی زەیتون دەتوانێت مەترسی توشبوون بە هەوکردن کەم بکاتەوە. هەروەها هەنگوینی سرووشتیش ئەنتی ئۆکسیدانی زۆرە کە ڕۆڵی گرنگی لە لەناوبردنی هەوکردنەکان دەبێت. هەر بۆیە بە بەکارهێنانی زەیتی زەیتون و هەنگوین دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری لە هەوکردنەکان بکەین و تەندرووستی خۆمان دەستەبەر بکەین.
شێدارکردنی پێستی دەموچاو
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پێکهاتەیە ئەوەیە کە پێستی دەموچاو شێدار دەکات کە دەتوانێت درەوشانەوەی پێستی بە دواوە بێت. چۆنیەتی بەکارهێنانیشی بەم شێوازەیە کە دەبێت سەرەتا کەوچکێک زەیتی زەیتون لە گەڵ کەوچکێکی چاخۆری لە هەنگوین لە گەڵ زەردێنەی هێلکە تێکەڵ بکرێت و لە سەر مل و دەموچاو دابنرێت و بۆ ماوەی 15 خولەک لە سەری بمێنێتەوە و دواتریش بشۆردرێت. دەتوانن کەوچکێک ئاوی لیمۆشی پێ زیاد بکەن. لەم پێکهاتەیە دەتوانن بۆ چارەسەرکردنی وشکبوونی پێست کەڵک وەربگرن.
باشترکردنی شوێنی سووتان و برینەکان
کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەی هەنگوین و زەیتی سرووشتی دەتوانێت باشترکردنی شوێنی برینەکان و سووتان خێراتر بکات، وەک دەزانن هەنگوین تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە و ڕۆڵی لە باشتربوونی پێستدا هەیە. هەندێک دەڵێن کە تێکەڵاوی هەنگوین و زەیتی زەیتون دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێست کاریگەری زۆر گرنگی هەبێت./.