فازڵ قەرەداغی نووسەر و شارەزای سیاسی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، شرۆڤەی سیاسەتی ئەمریکای بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و هەروەها داهاتووی هێزەکانی لە عێراق کرد کە دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بە تێڕوانینێک لە ڕەوشی عێراق و سوریا لە پاش شەڕی داعش و هەروەها ئەو دۆخەی کە لە یەمەن، لیبیا و هەندێک ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت، داهاتووی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئەمریکا و هەر وڵاتێکی دیکە بۆ هەر ناوچەیەک سیاسەتی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو سیاسەتەش بە پێی چەند شتێک دیاری دەکرێت، وەک بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و جۆری ئەو کێشانەی ڕوبەڕوی دەبنەوە و کاریگەری هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان. بۆ نموونە، ڕووسیا کاریگەری لە لیبیا زۆرە، لە سوریا لەوەش زیاترە، هەر بۆیە ئەمریکا لەو دوو وڵاتە حسێب بۆ ڕووسیا دەکات بەڵام بۆ یەمەن وا نییە، هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە یەمەن جیاوازترە لەوەی کە بۆ سوریا و لیبیای داڕشتووە.
عێراق لە ناوچەکە نەک تەنیا جێی گرنگییە بۆ ئەمریکا، بەڵکوو بواریش بۆ کاراکتەرێکی وەک ئێران بە پلەی یەکەم ڕەخساوە. لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا ڕووسیا ئامادەیە ئەو بۆشاییەی پاش نەمانی هێزەکانی ئەمریکا پڕ بکاتەوە. گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و هەروەها هێزە سوننەکانیش توانای ئەوەیان هەیە کە لە پاش نەمانی ئەمریکا بوونی خۆیان بسەپێنن، بەڵام بە شێوەی گشتی ئەوەی دیارە پاشەکشەی ئەمریکا کاریگەری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە جێ دێڵێت، ڕەنگە ئەوەش بە هۆی سیاسەتەکانی ترەمپەوە بێت کە ئەگەرچی کۆماری بوو و کۆماریخوازەکانیش ئامادەییان زۆرترە بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە وڵاتانی دیکە، بەڵام سیاسەتی پاشەکشەکردن لە جیهان و تەرکیزکردنی لە سەر ناوخۆ پەیرەو دەکرد. ترەمپ لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا سیاسەتی ئەوە بوو کە ئیسرائیل بەهێز و ئێران لاواز بکات، هەروەها پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە بەهێز کرد کە بە مەبەستی دادۆشینی ئەو وڵاتە بووە.
ئەوەی بە ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە دەبینرێت ئەوەیە کە ڕەنگە توانای کاریگەری کەمتری لە جیهاندا هەبێت بە تایبەت ئەوەی کە پلانی یەکەمی ئیدارەکە ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ترەمپ و ئەو زیانانەیە کە بە ناوخۆی ئەمریکای گەیاندووە. واتە کامالا هاریس زیاتر کاروباری ناوخۆی بە لاوە گرنگە. هەر بۆیە بە بۆچوونی من سیاسەتی ئیدارەی بایدن بریتی دەبێت لە هێشتنی بارودۆخی عێراق وەک خۆی، بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە گەڵ ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئێران کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیسرائیل بپارێزێت.
ئەمریکا لە پاش 20 ساڵ بەشداری لە شەڕی ئەفغانستان و بوونی هەزاران سەربازی لەو وڵاتە، ئێستا باس لە کشانەوە دەکات. ئایا دەتوانین بڵێین کە لە عێراقیش هەمان چارەنووسی دەبێت؟
ئەوە پەیوەندی بە بارودۆخی عێراقەوە هەیە. مانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان تێچووی زۆر بوو، ئەویش لە بەرامبەر دەسکەوتێکی کەم کە ڕێگری لە ڕێکخراوی قاعیدە بووە کە ئەفغانستانی وەک بنکە بەکار هێناوە. ئێستا ئەگەر گرووپی تاڵیبان ئەوە بۆ ئەمریکییەکان دەستەبەر بکات کە قاعیدە و داعش نەتوانن چیدی ئەفغانستان وەک بنکەی خۆیان بەکار بێنن ئەمریکا قازانجی لە پاشەکشەدایە. بەڵام دۆخی عێراق لەوە جیاوازترە، لە بەر ئەوەی کە لە لایەکەوە لە ئیسرائیل نزیکە و لە لایەکی دیکەوە ئێران لە عێراق دەستڕۆیشتووە، هەروەها پێناچێت هیچ هێزێکی وەک تاڵیبان بوونی هەبێت کە بتوانێت سنور بۆ قاعیدە و داعش دابنێت. تەنانەت ئەو هێزە شێعانەش کە دژایەتی ئەمریکا ناکەن و دۆستی ئەو وڵاتەن متمانەی واشنتنیان نییە.
ئەگەرچی ئەمریکا پاشەکشە بە ژمارەیەک لە هێزەکانی بکات بەڵام ژمارەیەک لە هێزەکان هەر لە عێراقدا دەمێننەوە. ڕەنگە دەسەڵاتی کوردی گرەو لە سەر ئەوە بکەن کە بتوانن جێگرەوەیەکی متمانەپێکراوی هێزە شێعەکان بن بەڵام پێناچێت ئەمریکا بەو چاوە سەیری ئەوان بکات، لە بەر ئەوەی کە سەلماندوویانە شەڕکەری لێهاتوو نین، ترەمپیش بە ڕوونی ئەوەی وتبوو کە کوردەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا شەڕ دەکەن. هەروەها هەڵکەوتەی هەرێمی کوردستان بە کەڵکی ئەوە نایەت ببێتە بنکەیەکی ئەمین بۆ ئەمریکا لە بەر ئەوەی کە لە سنورەکانی ئێرانەوە نزیکە، هێرشەکانی سەر هەولێر بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو ڕاستییەیان سەلماند. ڕەنگە ئەمانەش پەیامێک بۆ ئەمریکا بێت کە کوردستان شوێنێکی پارێزراو بۆ ئەمریکا نییە، یان ئەگەری ئەوەش هەیە کە لە دواڕۆژدا ئەمریکا پێی باش بێت کە کوردستان بە حکومەتێکی بەهێز لە بەغدا بسپێرێت، کێشەی سەرەکیش پێکهێنانی ئەو حکومەتە بەهێزەیە، لە بەر ئەوەی کە بە کودەتاش سەر ناگرێت و حکومەتی کودەتا مانەوەی مسۆگەر ناکرێت لە بەر بوونی ئێران و هێزە شێعەکان. هەر بۆیە ئاماژەم بەوەدا کە لەوانەیە سیاسەتی ئەمریکا هێشتنەوەی بارودۆخی عێراق بەم شێوەی ئێستا بێت تا لەمە خەراپتر نەبێت بۆ واشنتن. ئەمەش پەیوەندی بە بوونی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانەوە هەیە و ڕەنگە بە گۆڕانکاری یان گۆڕینی سیاسەتەکانی ئەو ستراتیژەی ئەمریکا تووسی گۆڕانکاری بێت.
ئەمریکا لە هەر وڵات و ناوچەیەک بێت تەنیا کاولکاری و ڕووخانی بە دواوە بووە. پێویستە ئێستا حکومەت و لایەنە سیاسییەکان چ پلانێکیان هەبێت بۆ ڕێگری زیاتر لەم باوردۆخە کە بە هۆی ئەمریکاوە لە عێراقدا دەبینرێت؟
پرسیارەکە ئەو کاتە پێویستی بە وەڵامە کە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان مەبەستیان بێت عێراق لە کاولکاری زیاتر بپارێزن، ئەوان ئامانجی لە پێشتریان ئەوەیە کە خۆیان بەهێز و دەوڵەمەندتر بکەن.
ئەگەر بەشێک لەو هێزانەی ئەمریکا کە ئاماژەتاندا لە عێراقدا دەیهێڵێتەوە، لە هەرێمی کوردستاندا بن، تا چەندە ئەگەری گواستنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ خاکی هەرێم لە ئارادایە؟
ئەوڕۆژەی ئەمریکا بەشی زۆری هێزەکانی لە کوردستان بکشێنێتەوە، بە واتای ئەوە دەبێت کە بڕیاری داوە هەرێمی کوردستان چیتر بە کەڵکی ئەوانەوە نایەت. بە واتایەکی دیکە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستبەرداربوونی ئەو وڵاتەیە لە هەرێم کە هەرەسهێنانی خێرای دەسەڵاتی کوردی و هەڵهاتنی بەرپرسان بۆ دەرەوەی وڵات بە دواوە دەبێت.
ئەگەر ئەمە ڕوو بدات شەڕێکی گەورە ڕوو ناکاتە هەرێم، لە بەر ئەوەی کە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا ئیرادەی شەڕ و بەرگرییان نییە. ئەو دوو حیزبە لە پاش ڕاپەڕین قەناعەتیان بەم نیمچە سەربەخۆییە نییە و بڕوایان وابوو هەر کاتێک بێت یارییەکە کۆتایی دێت. ئێستاش بەو هیوایە ماونەتەوە کە ئەمریکا کوردستان بکاتە بنکەیەکی بەهێز لە ناوچەکە، ئەگەر ئەمەش نەبێت و بەدیلەکە پاشەکشەی ئەمریکایە شەڕی دژ بە حکومەتی عێراق بە هیچ جۆرێک بژاردەیان نییە، شەڕی ئێران و تورکیاش بۆ ئەوان لە موستەحیل دوورترە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد