بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە پێناو برەودان بە گەشتیاری ئائینی لەم وڵاتە، هەر زیارەتکارێک سەردانی عێراق دەکات دەبێت لە سەر تێچووی خۆی لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف پشکنینی PCR ی بۆ بکرێت و لە ئەگەری ئەرێنیبوونی وەڵامەکەی دەبێت بچێتە کەرەنتینەوە.
هەروەها بڕیار دراوە کە هیچ زیارەتکارێک نابێت زیاتر لە 7 ڕۆژ لە خاکی عێراقدا بمێنێتەوە.
بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە زیارەتکاران دەبێت لانیکەم لە گرووپەکانی 5 کەسیدا بن و لە لایەن کۆمپانیایەکی کەرتی گەشتیارییەوە زەمان بکرێن، کۆمپانیاکەش دەبێت ڕەزامەندی دەستەی باڵای گەشتوگوزاری عێراقی هەبێت.
کۆمپانیاکەش دەبێت بەرنامەی تەواوی بۆ زیارەتکاران وەک پشکنینی کۆرۆنا، هاتووچۆ لە عێراق، دابینکردنی شوێنی مانەوە و هەروەها دابینکردنی خواردن و پێداویستی تەندرووستی هەبێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە گرووپە گەشتیارییەکانی زیاتر لە 5 کەس ئەگەر بە هێڵی ئاسمانی عێراقییە بگەنە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف، لەو فڕۆکەخانانە ڤێزەیان پێدەدرێت.
هەروەها دەستەی باڵای گەشتوگوزاری عێراق ڕاسپێردراوە کە ڕیزی هوتێلە پلە یەکەکان و ناوی کۆمپانیا گەشتیارییە پەسەندکراوەکان ڕابگەێنێت و هەماهەنگی تەواویشی لە گەڵ وەزارەتەکانی دەرەوە و ناوخۆ هەبێت./.