بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق واژۆی لە سەر بڕیاری دەستنیشانکردنی جەهانبەخش سەنجابی شیرازی وەک ئەمینداری نوێی ئەم ژوورە کرد.
لە بەشێک لە حوکمی دەستنیشانکردنی سەنجابی شیرازیدا هاتووە کە بە پێی ئەزموون و پێشینە، زانست و زانیاری پێویستی ئێوە لە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و عێراق، چاوەڕوان دەکرێت لە پەیوەندی کاریگەر و داهێنەرانە لە گەڵ ژووری بازرگانی ئێران، دەزگا حکومییەکان، ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکان و لایەنەکانی دیکەی بڕیاردەر، بەستێنی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری ئابوری و بازرگانیدا دابین بکەن.
جەهانبەخش سەنجابی شیرازی هەڵگری بڕوانانەی دکتۆرای MD-CFP-RD و پێشتر چەندین بەرپرسیاریەتیی هەبووە.
ناوبراو پێشتر بۆ ماوەی 8 ساڵ ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق بووە. بریکاری جێگری کاروباری نێودەوڵەتی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران بووە، هەروەها لە ڕێکخراوی ستانداردی ئێران و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئەم وڵاتەش پۆستی باڵای هەبووە و خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوەشە./.