بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان لە کۆبوونەوەی محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی قەتەر، وتی کە لوبنان ستایشی هەوڵەکانی میری قەتەر بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسییە و لێکەوتەکانی لە سەرجەم ئاستەکاندا دەکات.
سەرۆک کۆماری لوبنان بە ئاماژە بە قەیرانی سیاسی وڵاتەکەی و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەم وڵاتە، وتی: قەتەر بەردەوام لە گەڵ لوبنان بووە و هەر هەنگاوێکی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە لە لایەن لوبنانییەکانەوە ستایش دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەریش ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ هاوکاریکردن لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکانی لوبنان ڕاگەیاند و جەختیکردەوە کە قەتەر لە گەڵ خەڵکی لوبنان دەمێنێتەوە.
قەیرانی سیاسی لوبنان بووەتە هۆکاری قەیرانی دارایی و کۆمەڵایەتی لەم وڵاتە و هەشت مانگە کە حکومەتی نییە. سەعد حەریری بووەتە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان بەڵام لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە و حەسان دەیاب سەرۆکایەتی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات./.