محەممەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی کە دەسەڵاتدارانی واشنتن بە پێی بەرژەوەندییەکانیان مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدا دەکەن و گوێ بە قسەی عێراقییەکان و هەرێمی کوردستانیش نادەن.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا خاوەن گەورەترین باڵیۆزخانەی جیهانە لە بەغدا و ئەمەش پیشاندەری گرنگی عێراقە بۆ ئەم وڵاتە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
سیاسەت و ستراتیژی ئێستای ئەمریکا سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق چۆن دەبینن، بە تایبەت ئەوەی کە لە پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003، جارێکی دیکە لە ساڵی 2014 بە بیانووی داعش و بە هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەڕایەوە ئەم وڵاتە؟
بارودۆخی ئێستا و سیاسەت و تێڕوانینی ئەمریکا بەراورد بە ساڵی 2003 جیاوازییەکی زۆری هەیە، لە هێرشەکانی ساڵی 2003 ی ئەمریکا سەدام دەسەڵاتی عێراقی بە دەستەوە بوو و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەم وڵاتەدا نەبوون، لە 2003 ئەمریکا بە هاوبەشی 30 وڵاتی دیکە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە سەدامی دەستپێکرد. لە ئێستادا بەلای ئەمریکاوە مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی گرنگترە، واتە تا کاتێک بە پێی ئەو بەرژەوەندییانە بیەوێت لە عێراقدا دەمێنێتەوە، لە پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، ئەمریکا گرنگی بە قسەی عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان و کەسی دیکەی ناکات، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی بخوازێت لە عێراقدا دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەی ئەمەش بڕیار لە سەر کشانەوەی هێزەکانی دەدات.
بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و تەنانەت شەقامی ئەم وڵاتە، لە ڕابردوو تا دەگاتە ئێستا، داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناچارکردنی ئەو وڵاتەیان بەو بڕیارە کردووە، ئایا ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم ڕێگایەوە یەکلایی دەبێتەوە؟
ئەوەی کە لە میدیاکاندا باس دەکرێت تەنیا نمایشێکە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ یان بۆ بڵاوکردنەوە لە ڕاگەیاندنەکان و وەک نمایشێک دەبینرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا و بە هۆی ئەوەی کە عێراق تا ئێستا خاوەنی هێزێکی وەها بۆ پاراستنی خۆی نییە، لە لایەکی دیکەوە هەنگاوی بۆ گەشە و ئاوەدانی و دەرکردنی بڕیارێکی یەکگرتوو نەناوە، هەر بۆیە دەتوانم بڵێم کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەک نمایشێکە و بەشێکیشی هەر لە گەڵ وەها داواکارییەکدا نییە، هەندێکی دیکەش ڕەنگە بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ناوچەیی ئەو لێدوانانە بدەن، وەک باس کرا ئەگەر ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی بیەوێت، لە عێراق دەڕوات، بە پێچەوانەی ئەمە دەمێنێتەوە، ئەمریکا لە عێراق خاوەن دەسەڵاتە، بۆ نموونە، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا دوناڵد ترەمپ سەردانی بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی لە پارێزگای ئەنبار کرد و تەنانەت سەرۆکایەتییەکانی عێراقیش لەو سەردانە ئاگادار نەکرانەوە و پرسی بەوانیش نەکرد.
چۆڵکردنی بەشێک لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و کۆکردنەوەی چەک و هێزە سەربازییەکان لە چەند بنکەیەکی ستراتیژی، بە واتای ئەوە نییە کە ئەمریکا لانیکەم وازی لە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی لە عێراقدا هێناوە؟
ئەمریکا خاوەنی گەورەترین باڵیۆزخانەی جیهانە لە بەغدا کە زیاتر لە 12 هەزار فەرمانبەری تێدایە، ئەوان لە سەر هەموو عێراق دەسەڵاتیان هەیە و ڕەنگە بە چۆڵکردنی ئەو باڵیۆزخانە و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی دیکە بڵێین شتێک ڕوو دەدات، بە پێچەوانەوە چۆڵکردنی هەندێک لە بنکە سەربازییەکان نابێتە هۆی ئەوەی کە بڵێین ئەمریکا وازی لە عێراق هێناوە، هەروەها ئەمریکا خاوەنی گەورەترین بنکەی سەربازییە لە عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار. من پێم وایە کە ئەمریکا زیاتر مەبەستی بەغدایە تا شوێنەکانی دیکە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد