بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مزگەوتی عیماد دەولە لە ڕووی بیناسازییەوە تێکەڵاوێکە لە جوانییەکانی هونەری دەستی و ڕۆحی ئائینی و مەعنەوی کە لە یەکەم بینین سرنجی هەر گەشتیارێک بۆ خۆی ڕادەکێشێت. مزگەوتەکە لە چوار بەش یان ئەوەی کە بە هەیوان ناسراوە لە گەڵ مینارەیەک پێکهاتووە کە هەر بەشێک خۆی چەندین بەشی دیکەش لە خۆ دەگرێت. هۆڵی سەرەکی مزگەوت لە ڕوبەرێکی 30 لە 24 مەتر درووست کراوە.
هەیوانی بەشی باشوری هۆڵە سەرەکییەی ئەم مزگەوتە بەراورد بە هەیوانەکانی دیکەی، بەرزییەکی زیاتری هەیە، هونەرمەندان و شارەزایان لەم بەشەدا کاری جوانکاری زیاتریان کردووە کە جێی سرنجی هەر کەسێکە. لە بەردی مەڕمەڕ بۆ ئەم بەشە کەڵک وەرگیراوە، هەروەها بۆ جوانکاری زیاتر کەڵک لە جۆرەکانی کاشی وەرگیراوە.
بەردەنووسێک لەم مزگەوتەدا هەیە کە ناوی شای ئەو کاتەی ئێران، واتە نەسردەین شای قاجاڕی لە سەرە، لە گەڵ ساڵی 1285 ی کۆچی مانگی وەک ساڵی درووستکردنی مزگەوتەکە.
لە بەشی باکوری هۆڵی سەرەکی مزگەوت، هەیوانێکی بچووکتر هەیە کە لە سەروی ئەمەش تاوەری ساعەت (کاتژمێر) درووست کراوە. هەروەها لە دوو بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەم هەیوانە بچووکە، دوو هەیوانی هاوشێوە کراوەتەوە کە چەندین ژوور و بەشی دیکە لە چواردەوری ئەم دوو هەیوانە دەبینرێت و بە کاشی جوان جوان ڕازاوەتەوە.
هەروەها مزگەوتەکە ژێرزەوینێکی هەیە کە لە ئێستادا خوێندکارانی ئائینی بۆ کاروباری وەرزش کەڵکی لێ وەردەگرن. بە پێی ئەو زانیارییانە کە لە سەر ئەو بەردەنووسەی نێو مزگەوتەکە نووسراوە، سەرجەم تێچووی درووستکردنی مزگەوتە مێژووییەکەی کرماشان لە ئەستۆی عیماد دەوڵە دەسەڵاتداری ئەو کاتەی ناوچەکە بووە.
مزگەوتەکە دوو دەروازەی هەیە، یەکێک لە بەشی ئاڵتون فرۆشەکانی بازاڕە کۆن و مێژووییەکەی کرماشانە کە دەروازەی سەرەکییە و ئەوی دیکە کەوتووەتە بەشی قوماش فرۆشەکان.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی تایبەت بەم مزگەوتە، بوونی دەرگایەکە لە بارەگای پیرۆزی حەزرەتی عەلی، درود و سڵاوی خودای لە سەر بێت، کە بە هۆی بوونی لەم مزگەوتە، ناوبانگ و ڕێزێکی زیاتری لای خەڵک پێ بەخشیوە. قاپی شای نەجەف یان بەقای شای نەجەف ئەو دوو ناوەن کە ئەم دەرگایەی سەر بە سەردەمی سەفەوییەکانی پێ ناسراوە.
بە هۆی ئەوەی کە مزگەوتەکە لە نزیک بازاڕی کۆن و مێژوویی شاری کرماشانە و سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی کە لە شارەکەدا کراوە، بەردەوام وەک شوێنێکی گەشتیاری کرماشان ماوەتەوە.
مزگەوتی عیماد دەولە یەکێک لە بینا کۆن و مێژووییەکان و لە میراتی پڕشکۆی وڵاتی ئێرانە کە لە درووستکردنیدا چەندین خاڵی گرنگی وەک هەلومەرجی کەش و هەوای ناوچەکە، گرنگیدان بە بواری ئابوری، گەشەی پیشە و کار، کەلتور و بیر و بڕوای ئائینی خەڵک و هەروەها کۆمەڵگا لە بەرچاو گیراوە. ئەم خاڵانەش مزگەوتی عیماد دەولەی کرماشانی کردووەتە بینایەک هاوشانی زۆربەی بینا و ئاسەوارە مێژوویی و بەناوبانگەکانی دیکەی ئێران./.