بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جلوبەرگی کوردی یەکێک لە جوانترینی ئەو جلوبەرگانەیە کە نەک تەنیا لە کوردستان و ئێران بەڵکوو لە سەر ئاستی جیهان لای دیزاینەرەکانی جلوبەرگ ناوبانگی هەیە.
جلوبەرگی هەر نەتەوەیەک پڕە لە تایبەتمەندی کەلتوری و کۆمەڵایەتی و لەم نێوەندەدا جلی جوان و ئەو کارە دەستییانەی کە ژنانی کورد لە سەری دەکەن، پیشاندەری ئەم کەلتورە دەوڵەمەندەیە و پێگەیەکی باڵای بە جلوبەرگی کوردی بە تایبەت بۆ ژنان بەخشیوە.
شەوبۆ عوسمانی تەمەنی 58 ساڵە و لە تەمەنی 11 ساڵی تا ئێستا بە دیزاین و بەرگدوری کوردییەوە سەرقاڵە و هەروەها یەکەم ژنە کە دوکانی ناساندن و فرۆشتنی جلوبەرگی کوردیی لە شاری سنە کردووەتەوە و بۆ دەیان کەسیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی کاری دابین کردووە.
ماڵپەڕی میراتی ئاریا کە سەر بە وەزارەتی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری ئێرانە، لە گەڵ ئەم خاتوونە سنەییە وتووێژێکی کردووە کە لێرەدا وەرگێڕانەکەی بە کوردی هاتووە:
لە چ ساڵێکەوە دەستان بە بەرگدوری کوردی کردووە؟
لە تەمەنی 11 ساڵی بە بینینی جلوبەرگی دایک و خزمانی خۆم حەزم لەم پیشەیە کرد و دایکم بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش هاندەر و یارمەتیدەرم بوو و لە ئێستادا زیاتر لە 48 ساڵە سەرقاڵی بەرگدوری و دیزانی جلوبەرگی ژنانەی کوردیم.
هۆی ئەوە چی بووە کە بە شێوازی پیشەیی دەستان بەم ئیشە کردووە؟
کاتێک دەمانەوێت گەل یان نەتەوەیەک بناسین، سەرەتا بیر لە داب و نەریت و کەلتوری ئەوان دەکەینەوە و ئەمەش لە زمان، وێژە و جلوبەرگی ئەواندا دەردەکەوێت، بە شێوازێک کە لە ناسینی هەر گەل و نەتەوەیەک دەتوانم بڵێم سەرەتا ئەوەی سرنجی خەڵک ڕادەکێشێت جلوبەرگ و تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچە و نەتەوەیە دەبێت.
جلوبەرگی کوردی چۆن پێناسە دەکەن؟
لە پێکهاتەی جلوبەرگی کوردیدا چەشنێک لە جوانی و کەم وێنەیی و دیزانی پیشەییانە دەبینین و ئەمەش پیشاندەری مێژووی گەلی کوردە و بۆ زۆربەی هاووڵاتیانیش لە ئێران جێی سرنج بووە. لە ڕووی پۆشین و مێژووکەیەوە دەتوانین جلوبەرگی کوردی بە کەم وێنە ناو ببەین کە کات و ماندوبوونێکی زۆری بۆ ئامادەکردنەکەی دەوێت.
پیشەی بەرگدوری لە کۆندا چۆن بووە و ئێستا لە سەردەمی پێشکەوتندا بە کوێ گەیشتووە؟
هەر پیشە و کارێک بە پێی پێویستییەکانی خەڵک، لە کۆمەڵگادا تایبەتمەندی خۆیی هەیە، پیشەی بەرگدوری کوردیش بە پێی ئەوەی کە ڕۆڵی تایبەتی لە پۆشین و شوناسی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت خەڵکی پارێزگای کوردستان هەبووە، خاوەن پێگەی تایبەت بە خۆیەتی. لە ڕابردوودا تێڕوانینێکی هونەری لە سەر ئەم پیشەیە هەبووە و بەرگدورەکان وەک هونەرمەند سەیر دەکران بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی پێشکەوتنی هونەر و داهێنانی پیشە و کاری نوێ و جیاواز، تا ڕادەیەک ئەو تێڕوانینە نەماوە بەڵام بە گشتی لای خەڵکی کوردستان پێگەی تایبەتی هەیە.
خەڵک بە تایبەت گەنجان چۆن لەم هونەرەی ئێوە دەڕوانن؟
لە ئێستادا لە بواری بەرگدوری کوردی، مۆدێل و شێوازی نوێ هاتووەتە بازاڕەوە کە تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین کە جێی بایەخی گەنجانە و تا ڕادەیەکیش لەو مێژووەی خۆی دوور نەکەوتووەتەوە. جلی کوردی بە هۆی جۆربەجۆری لە دیزاین، ڕەنگ و جۆری قوماش تەنانەت لای نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش بایەخی پێ دەدرێت و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوە و بەردەوامی دیزاین و بەرگدوری کوردی.
ئایا بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانتان کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن؟
بە هۆی کەڵک وەرگرتن و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هونەرەکەی خۆمان تەنانەت لە هەرێمی کوردستانی عێراق خستووەتەڕوو و فرۆشی باشمان هەبووە و تەنانەت لە چەندین پێشانگا لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەشداریمان کردووە.
ئایا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لە سەر کارەکەی ئێوە و چالاکوانانی ئەم بوارە داناوە؟
کۆرۆنا بە گشتی لە سەر کەرتی ئابوری بە تایبەت لە بوارەکانی هونەری و ڕۆشنبیری کاریگەری نەرێنی هەبووە و بەداخەوە بە هۆی کەمبوونەوەی ڕێوڕەسم و میوانییەکان خواست لە سەر کڕینی جلوبەرگی کوردی کەمبووەتەوە و لە ئێستادا کارگەکەی ئێمە لە 80 کەسەوە گەیشتووەتە 50 کەس کە تێیدا ئیش دەکەن و زیانی مادی زۆرمان پێگەیشتووە. هیوادارین کە بە دەستپێکردنی پرۆسەی کوتانی خەڵک بە ڤاکسێنی کۆرۆنا و ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان لە لایەن خەڵکەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەناوچوونی ئەم پەتایە و گەڕانەوەی گەشەی کەرتی ئابوری بە تایبەت پیشەسازییە دەستییەکان ببینین./.