بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی میرزاجانی مامۆستای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو، وتی: بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی سیستەمی خوێندنی ئۆنلاین لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی وڵاتانەوە، یەکێک لە ئەندامانی جەستە کە لە بەردەم زیاترین زیان و کاریگەرییەکانی دەبێت، چاوە و زیادبوونی چالاکییەکانی چاو لە کاتی ڕوانین بۆ شاشەی ئەلیکترۆنییەکان زیانی بۆ چاو بە دواوە دەبێت.
ناوبراو وتی: لە سەرەتادا زیانەکان وەک وشکبوونی چاو خۆی پیشان دەدات کە دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر لە سەر ماسولکە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی چاو.
ئەم پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی چاو وتی: ماندوبوون و سوربونەوەی چاو، هەستکردن بەوەی کە شتێک لە ناو چاودایە و هەروەها خورانی چاو لە هێماکانی وشکبوونی چاوە کە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، لە بەر ئەوەی کە کەمتەرخەمی لە بەرامبەر ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بینین و بەکارهێنانی چاویلکە بۆ منداڵەکە.
میرزاجانی وتی: بۆ ڕێگری لە وشکبوونی چاو دەتوانین فرمێسکی دەستکردیش بە کار بێنین کە لە دەرمانخانەکان دەست دەکەوێت.
وتیشی: ڕوانینی بەردەوام و لە ڕادەبەدەر بۆ شاشە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر کارکردنی مێشکیش دەبێت و بەم هۆیەوە سەرئێشە و حاڵەتی ڕشانەوە لەو کەسەدا هەیە کە زۆر سەیری شاشەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیۆتر دەکات.
مامۆستای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران لە درێژەدا وتی: بە پێی ستانداردەکانی ئەنجومەنی منداڵانی ئەمریکا، منداڵان دەبێت ڕۆژانە تەنیا یەک کاتژمێر کەڵک لە مۆبایل یان هاوشێوەی وەربگرن بەڵام بە پێی گۆڕینی سیستەمی پەروەردە لە سەردەمی کۆرۆنا پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە منداڵان چیدی لە مۆبایلەکانی خۆیان یان لە کۆمپیۆتردا خۆیان بە یارییەکەوە سەرقاڵ نەکەن.
ناوبراو وتی: پاش بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری شاشە ئەلیکترۆنییەکان لە لایەن منداڵانەوە بۆ بەهێزبوونی ماسولکەکانی ناوخۆ و دەرەوەی چاو دەبێت ماوەیەک تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت لە مەودای یەک یان دوو مەترییەوە سەیری شاشەکان بکرێت، هەروەها ڕووناکی ئەو شاشانەش دەبێت مامناوەند بێت، بە پێچەوانەی ئەمەش ئەگەری زیان گەیشتن بە چاو زیاتر دەبێت.
عەلی میرزاجانی وتی: منداڵان دەبێت هەر کات مۆبایل یان شاشەکانی دیکە بەکار دێنن لە مەودای 30 تا 40 سەنتی مەترییەوە بێت، بە تایبەت ئەمە بۆ مۆبایل زۆر پێویستە، هەروەها چۆنیەتی دانیشتن کاریگەری زۆری لە سەر شوێنەکانی دیکەی جەستە وەک بڕبڕەی پشت و مل دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: بەداخەوە کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەندێک لە دایک و باوکان ئەوەیان لە بیر کردووە کە پێویستە هەر شەش مانگ جارێک منداڵەکانیان سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو بکات، بە تایبەت ئەو منداڵانەی کە ئاستی بینینی چاویان لاوازە و چاویلکە بەکار دێنن./.