بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاهیرە و مۆسکۆ بڕیارە بۆ کردنەوەی ناوچەیەکی ئابوری ڕووسیا لە شاری پۆرتسید لە باکوری ڕۆژهەڵاتی میسر دانوستان بکەن.
بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی میسر، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەر دوو وڵات دانوستانەکانیان بۆ ئەم مەبەستە دەست پێدەکەن و دانوستانەکانیش چەندین لێژنەی بازرگانی، ئابوری و هاوکارییەکانی زانستی و توێژینەوەیی لە خۆ دەگرێت.
وەزیری پیشەسازی میسر وتی کە کردنەوەی ئەو ناوچە پیشەسازییە هاوبەشە گەیشتنی بەرهەم و کاڵای ڕووسیا بۆ زۆربەی بازاڕەکان ئاسانتر دەکات. بە کردنەوەی ئەم ناوچەیە ژمارەیەک لە کارگەکانی ڕووسیا دەست بە کار دەبن و بەشە جیاجیاکانی ئابوری گەشەی پێدەدرێت.
ئەم پرۆژە ئابورییە کە بە پرۆژەیەکی بەرزەفڕانە ناو براوە، بە هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو گەشەپێدانی هاوکارییە ئابورییەکانی ڕووسیا و میسر دادەنرێت. پرۆژەکەش لە ڕوبەری 5 ملیۆن و 200 مەتری چوارگۆشە و بە بودجەیەکی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار دەکرێتەوە.
وەزیری پیشەسازی میسر ڕایگەیاندووە کە دەرفەتە ئابورییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا زۆرە، بە تایبەت لە بواری هێڵی ئاسن و کەرتی گواستنەوە بە گشتی.
ڕاشیگەیاندووە کە هەر دوو وڵات دەتوانن لە بواری دۆزینەوەی کێڵگە نەوتییەکان و کاروباری بانکی هاوکاری بکەن.
هەر دوو لا سەرەتا لە ساڵی 2018 یادداشتێکی لێک تێگەیشتنیان واژۆ کرد و بڕیاریاندا کە پرۆژەکە لە ماوەی 13 ساڵ تەواو بکرێت بەڵام کۆمپانیاکانی ڕووسیا چاوەڕوان دەکەن کە تا ساڵی 2022 ئەم پرۆژە جوڵەیەکی بەرچاو بە خۆوە ببینێت، ئەڵبەت بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تا ڕادەیەک هەوڵەکانی جێبەجێکردنی پرۆژە هاوبەشەکەی ڕووسیا و میسری پەکخستووە.
مۆسکۆ هەوڵ دەدات لە بواری گەشەپێدانی ژێرخانەکانی میسر 190 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان بکات، کۆی گشتی وەبەرهێنانیش لەم پرۆژە زەبەلەحە دەگاتە 7 ملیار دۆلار./.