بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڕیارە سەرۆک وەزیرانی یۆنان سەردانی عێراق بکات، سەردانەکەش بۆ یەکەم جارە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو و پێدەچێت زیاتر سەردانێکی ئابوریش بێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندووە کە باڵیۆزی یۆنان لە بەغدا لە کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وەزارەتە، بەرنامەی سەردانەکەی تاوتوێ کردووە.
بڕیارە لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی یۆنان شاندێک لە 20 کۆمپانیای ئەم وڵاتە لە بوارەکانی وزە، کشتووکاڵ، تەندرووستی و پیشەسازی خۆراک بگەنە عێراق.
دوایین جار لە دەیەی 1970 بووە کە بەرپرسێکی باڵای یۆنان لەم ئاستەدا سەردانی بەغدای کردبێت.
لە مانگی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە یاوەری شاندێک لە بەرپرسان و بازرگانان سەردانی بەغدا دەکات./.