بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد شەریفی شارەزا لە بواری ئەمنی و سەربازی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە هۆکارەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە، وتی: بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە دەبێت ڕاستییەکان ببینین و تێڕوانینێکی ڕاست و درووست بڵاو بکەینەوە، لە هیچ گەڕێکی وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوتوێ نەکراوە.
شەریفی وتی: دەبێت بزانین کە لە نێوان کشانەوە و بڵاوەپێکردنی هێزەکان جیاوازی هەیە، ئەوەی کە ڕوویداوە ئەوەیە کە پاساوی مانەوەی هێزە سەربازییەکان کۆتایی هاتووە و ئێستا پرۆسەی بڵاوەپێکردنی هێزەکان لە جێبەجێکردندایە و لەم پرۆسەیەدا هەندێک ناوچە بۆ ئەمریکا پێگەی ستراتیژییان هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: یاسای نێودەوڵەتی، پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی یان بڕیاردان لە سەر ئامادەبوون و کشانەوەی هێزەکان بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەزانێت و تەنانەت لە ئەگەری پێویست نەبوونی ئەم هێزانە، پەرلەمانی وڵاتان دەنگی لە سەر دەدەن.
شارەزای کاروباری ئەمنی عێراق لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا بە ئاماژە بە شەڕی ئەم دواییەی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستی و ئەنجام و دەسکەوتەکانی ئەم شەڕە بۆ فەڵەستینییەکان، وتی: ئیسرائیل لە سەرجەم شەڕەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی بەردەوام ڕایدەگەیاند کە لە ناوخۆوە ئاسایشی تەواوی هەیە بەڵام لەم شەڕەی ئەمجارە هەستی بەو بۆشاییە ئەمنییە ناوخۆییەی خۆی کردووە و ئەو تێڕوانینەی پێشوو کە باسی بەهێزبوونی ئەم ڕژێمەی دەکرد، لە ناوچووە و گۆڕانکاری بە سەر هاوکێشەکاندا هاتووە و ئێستا تەل ئەبیب بە تەواوی ترسی لە مووشەکە بالستییەکان هەیە.
ناوبراو وتی: ئیسرائیل لەم شەڕەدا بەردەوام هەوڵی دەربازبوونی دەدا و لە غەززەوە سەرکەوتووانە فەڵەستینییەکان تەنگیان بە دەسەڵاتدارانی تەل ئەبیب هەڵچنی.
ئەحمەد شەریفی وتی: بە بۆچوونی من لە قۆناغی داهاتوو ئیرادەی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و بڕیارە حەکیمانەکەی دەسەڵاتدارانی تاران دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە لە قۆناغی داهاتوو.
وتیشی: لە قۆناغی داهاتوو دەبێت تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئاسایشی ناوچەکە جێبەجێ بکرێت، ئەو تێڕوانینەی کە باس لە هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی بێگانەکان بۆ مسۆگەربوونی دەکات./.