بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی هەواڵی میدل ئیست نیوز، بەرپرسێک لە کۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران ئاماری ئێستای هەناردەی گازی وڵاتەکەیی بۆ عێراق ئاشکرا کردووە.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگای دوو هێڵی بۆری گواستنەوە دەکرێت.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، هێڵی بۆری نەوتی شار بۆ بەغدا بە ڕێژەی 30 ملیۆن مەتری سێجا و هێڵی بۆری ئابادان بۆ بەسرە بە ڕێژەی 13 ملیۆن مەتری سێجا، ئەو دوو هێڵی بۆرییەن کە بۆ هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیە لە هەناردەی گازی ئێران لە ئەگەری داواکاری حکومەتی بەغدا تا 50 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانە بەرز دەکرێتەوە.
ئەم هەناردەیە لە کاتێکدایە کە هێشتا زیاتر لە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزی هەناردەی گازی ئێران لای حکومەتی عێراق ماوەتەوە.
لە مانگی ڕابردوو شاندێک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی عێراق و بە بەشداری وەزیری کارەبای ئەم وڵاتە لە سەردانێک بۆ تاران پرسی قەرزە کەڵەکەبووەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد کە تایبەتە بە هاوردەی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە.
پێش سەردانی ئەو شاندە عێراقییە بۆ تاران، ئەحمەد عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە ئێران پاش ئەوەی کە هەناردەی گازی خۆیی بۆ عێراق تا 17 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانە دابەزاندبوو، هەناردەکەی بۆ 30 ملیۆن مەتری سێجا بەرز کردووەتەوە.
عەبادی وتی کە ئەم بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی گازی ئێران بووە هۆی چالاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبای مەنسوریە، سەدر و بەسمایە و ڕێژەی وەبەرهێنانی کارەبای عێراقی تا 20 هەزار مێگاوات بەرز کردەوە.
عێراق ڕایگەیاندووە کە وێستگەکانی کارەبای ئەم وڵاتە پێویستیان بە 60 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانە گاز هەیە./.