بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران، وتی: ئەمڕۆ گەلی ئێمە لە شەڕی تیرۆریزمی ئابوریدان، ئەوەی ترەمپ بەرامبەر بە گەلی ئێمە دەیکرد زیاتر لە شەڕ بوو و تەنیا بە تیرۆریزمی ئابوری دەتوانین پێناسەی بکەین، ئەو شەڕی دژ بە بەساڵاچووان و توشبووانی شێرپەنجەی دەکرد و ئەوانەش لە پاش ترەمپ چوونەتە کۆشکی سپی، درێژە بە هەمان ڕێگا و تاوانەکانی ناوبراو دەدەن.
ڕۆحانی وتی: ئەوانەی کە بە هەموو شێوازێک هەوڵیان دەدا ڕێگری لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی بکەن و لە پاش واژۆکردنی ڕێگری لە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی بکەن، زایۆنیستەکان بوون و زیاترین دژایەتی و دوژمنایەتی ڕێکەوتنی ناوەکییان دەکرد، ئەوان لە گەڵ چەند وڵاتێکی گوێڕایەڵی ناوچەکە و دژبەرانی ئێران لە ئەمریکا بوونە بەرەیەک و گوشارەکانیان لە سەر ترەمپ چڕ کردەوە کە لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە و بەمەش تیرۆریزمی ئابوری لە دژی گەلی ئێران دەستیپێکرد.
ناوبراو وتی: بایدن لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سیاسەتی ترەمپ هەڵە بووە، بەم درووشمانەش دەنگی هێنا، ئەگەر پێچەوانەی ئەمە هەڵسووکەوت بکات بە واتای ئەوەیە کە خیانەتی لە خەڵکی خۆی کردووە./.