بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاشتەوایی ئەفغانستان وتی کە لە ئێستادا شەڕ گەیشتووەتە دەروازەی شارەکان و نابێت لە بەرامبەریدا بێدەنگ بین.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی شەشەمی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاشتەوایی ئەفغانستان وتی: ئەمڕۆ پرسی مانەوە، تەندرووستی و یەکڕیزی وڵات گرنگە، دەبێت ستراتیژی خۆمان ڕوون بکەینەوە، هیچ کەسێک لایەنگری لە شەڕ و بەردەوامبوونی ناکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەم دۆخە ناتوانین بێدەنگ بین.
بە وتەی عەبدوڵڵا، شەڕ گەیشتووەتە دەروازەی شارەکان و ناکرێت لایەنەکانی ئەفغانستان لە بەرامبەریدا بێدەنگ بن.
ئەم بەرپرسەی ئەفغانستان وتی: ڕەنگە لە نێو دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان هەندێک ناکۆکی هەبێت بەڵام کاتێک پرسی مانەوەی وڵات هەبێت، هەمووان یەکگرتوون و ئەم پرسەش دەبێت بە جیدی مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت.
وتیشی: تاڵیبان نابێت بیر لەوە بکاتەوە کە بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، دەرفەتی بۆ دابین کراوە و لە ڕێگای زۆرەوە دەتوانێت بە سەر ئەفغانستاندا زاڵ بێت، دڵنیان بن کە کەس ئەم موڵەتە نادات بەڵام ڕەنگە شەڕ بەردەوام بێت.
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سەبارەت بە سەردانی شاندە باڵاکەی ئەفغانستان بۆ ئەمریکاش وتی: پەیامی ئەمریکییەکان ڕوون بوو، ئەوان وتیان کە لە دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان پاڵپشتی دەکەن، بەڵام داوای کۆدەنگی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی جیدی گەندەڵییان کردووە./.