بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڕۆژی چوارشەممە سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لە گەڵ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ئێستای هەرێم و عێراق و ناوچەکە، پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و پەیوندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ کرا.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی خۆیی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕاگەیاند و هەروەها پیرۆزبایی خۆی و پەرلەمانی کوردستانیشی ئاراستەی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران کرد.
ناوبراو پەیوەندییەکانی نێوان هەریمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە مێژوویی ناو برد و جەختی لە سەر پتەوکردنیان لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە، بە تایبەت پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو پەرلەمانی ئێران و هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەشدا نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هەوڵەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر پێشنیاری ئەوەیکرد کە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە سەر کاروباری پەرلەمانی سەردانی پەرلەمانی ئێران بکات./.