بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد کەنانی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق لە وتوویژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی وێڕای ڕەخنەی جیدی لە سیاسەتی حکومەتی بەغدا بۆ پاراستنی سەروەری ئەم وڵاتە، وتی: حکومەتی عێراق دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە بۆ لە وتووێژی ستراتیژی لە گەڵ ئەمریکا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەم وڵاتە تاوتوێ نەکراوە؟
ناوبراو وتی کە ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی لە بەرامبەر پاراستنی سەروەری عێراق سیاسەتێکی دووفاقی پەیرەو دەکەن و لە بەرامبەر پێشێلکردنی بەردەوامی هەرێمی ئاسمانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
کەنانی داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد کە ئەو هێزانەی ڕۆڵەکانی عێراق شەهید دەکەن لەم وڵاتە بکەنەوە دەرەوە.
وتیشی: ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران چاویان بە ڕووی دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیاش داخستووە و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراقی نازانن.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژە بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەم دواییەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، وتی: چاوەڕوان دەکرێت کە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر ئەم دەسدرێژییە ئاشکرایەی ئەمریکا بگیرێتە بەر، لە بەر ئەوەی کە نەبوونی کۆدەنگی سیاسی و ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان سیاسەتمەدارانی عێراقی، بەستێنی هێرشەکانی ئەمریکای لە عێراق دابین کردووە.
ناوبراو وتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی تەنیا لەم ماوەیەدا بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش زیاتر لە 150 پرۆسەی سەربازی سەرکەتوویان هەبووە.
ئەحمەد کەنانی بە ئاماژە بە پیلانگێڕی ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی یان تێکەڵکردنیان بە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دیکەوە، وتی: ئەوان دەزانن کە بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەم ناوچانە بە پێویست دادەنرێت و بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی بەغدا لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، وتی: دەرکردنی بەیاننامەکان و هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق لە ئاست ڕووداوەکاندا نییە، ئەگەر نەتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە وەڵامی ئەمریکییەکان بداتەوە دەبێت ڕێوشوێنی دیپلۆماسی پێویست لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ئەم وڵاتە بگرێتەبەر.
ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن چەندین پرسیاری ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد و وتی: ئەوان دەبێت وەڵام بدەنەوە کە وتووێژەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە کوێ گەیشتووە؟ بۆ لە وتووێژەکاندا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێ نەکراوە؟ بۆ لە وتووێژەکاندا تاوانە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە دژی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ نەکراوە؟
کەنانی وتی: ئەو فڕۆکانەی کە ڕۆڵەکانی ئێمەیان لە هێرشە ئاسمانییەکەدا شەهید کرد لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هەستابوون و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیش بە هەمان شێوە لە ئەردەنەوە، هەر بۆیە ئەو ڕێگایەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەردەن گرتوویانەتەبەر، ڕێگایەکی هەڵەیە.
ناوبراو وتی: دەبێت عێراقییەکان هەڵوێستی خۆیان یەک بخەن تا ئەمریکییەکان هیچ پاساوێکیان بۆ هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی نەبێت.
وتیشی: نمایەشە سەربازییەکەی حەشدی شەعبی کە بەڕێوەچوو و تێیدا ئاستێکی باڵای سەربازی ئەم هێزانە نمایش کرا، بووە هۆی توڕەبوونی دوژمنان تا ئەوەی کە هەوڵی پەلکێشکردنی حەشد بۆ شەڕێکی ناوخۆیی دەدەن بەڵام عێراقییەکان تەواو ڕۆڵەی ئەم وڵاتەن و نابێت بیانوو بە دەستی دوژمنانەوە بدرێت.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: لە عێراق هەڵەی زۆر ڕوو دەدات کە هەندێک چاوی خۆیانی لە سەر دادەخەن و هەندێکی دیکە تێڕوانینێکی تەواویان لە سەری نییە، بەڵام کاتێک لە هەندێک ناوچە شتێک ڕوو دەدات ئەو کەسانە بە توندترین شێواز هەڵوێست وەردەگرن، دەبینین کە بەزاندنی ئاسمان و سەروەری عێراق بووەتە کارێکی هەمیشەیی ئەمریکییەکان و ئەوان لە بەرامبەریدا بێدەنگن./.